پەروین بوڵدان: پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەی رەنگدانەوەی ئیرادەی تێکۆشەرانە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازیی لە پەسەندکردنی فەرمیی یاسای چوارچێوەی لە پەرلەمانی تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە مێژووییە تەنیا دەرکردنی یاسایەک نییە، بەڵکو گوزارشت لە ئیرادەی سەرجەم ئەو تێکۆشەرانە دەکات کە باجی گەورەیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی داوە.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی پەسەندکردنی یاسای چوارچێوەی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای ئاشتی بە مانای رەنگدانەوەی ئیرادەی هاوبەشی ئەو کەسانەیە کە ساڵانێکە تێکۆشاون و باوەڕیان بە دواڕۆژێکی پێکەوەیی بۆ سەرجەم پێکهاتەکان هەیە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە تایبەتی ستایشی هەوڵەکانی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار سڕی سورەییا ئۆندەری کرد لەم رۆژە مێژووییەدا و نووسیویەتی: "یەکێک لە مانادارترین ناوەکانی ئەم رۆژە مێژووییە، بێگومان سڕی سورەییا ئۆندەرە. رەنج و تێکۆشانی سڕی کە هەمیشە ئاشتی وەک تێکۆشان و رێچکەیەکی ژیان دەبینێت لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە."
پەروین بوڵدان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کارەکان لە دوای دەرکردنی یاساکەش بەردەوامییان هەبێت و رایگەیاند: "ئێستا ئەرکی ئێمە بە تەنیا بە پەسەندکردنی یاساکە کۆتایی نایەت، بەڵکو پێویستە کار بکەین بۆ چەسپاندنی تەواوی ئاشتی لە ناو کۆمەڵگەدا، هەمیشەییکردنی چارەسەری دیموکراتی، و دروستکردنی سەرەتایەکی نوێی هاوبەش بۆ سەرجەم پێکهاتە و گەلانی ئەم وڵاتە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا بە فەرمی یاسای چارەسەری پەسەند کرد؛ لە کۆی 600 پەرلەمانتار، 468ـیان دەنگیان پێ دا، 88 پەرلەمانتار دژی وەستانەوە و 6 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.