قەیرانی بێوێنەی کارەبا لە پایتەختی سووریا؛ خەڵک داوای چارەسەر دەکەن
پایتەختی سووریا بەدەست قەیرانی بەردەوامی بڕانی کارەبا و بەرزبوونەوەی زۆری نرخی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت و بارگرانییەکی گەورەی بۆ سەر شانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
دیمەشق رووبەرووی پچڕانی بەردەوامی کارەبا بووەتەوە. ئەم رەوشە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دروست کردووە و تێچووی خزمەتگوزارییەکانیشی بەرز کردووەتەوە و ئاستەنگی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست بووە.
عیماد ئەلحاج، هاووڵاتییەکی دانیشتووی دیمەشقە و بە ئەنوەر عەبدوللـەتیف، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رەوشەکە زۆر خراپە و نرخی پسوولەکانی کارەبا زۆر بەرزن.
ئەو هاووڵاتییە گوتی، یەکێک لە پسوولەکان بە یەک ملیۆن و 500 هەزار لیرە هاتووەتەوە و ئەمەش بڕە پارەیەکی یەکجار زۆرە و ناتوانن بیدەن. هەروەها پرسیاری ئەوە دەکات چۆن بتوانێت پارەی کارەکەی و خەرجییەکانی دیکە بدات و بژێویی خێزانەکەی دابین بکات؟
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی کارەبا بارگرانیی لەسەر ملیۆنان کەس دروست کردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکان سیستەمێکی نوێیان بۆ نرخی کارەبا داناوە، بە جۆرێک 300 کیلۆواتی یەکەم بە 600 لیرە هەژمار دەکرێت، بۆ بەکارهێنانی زیاتر نرخەکە دوو هێندە زیاد دەبێت و دەگاتە 1400 لیرە.
ئوسامە سلێمان، هاووڵاتییەکی دیکەی دیمەشقە، بە شێوەیەکی تەنزئامێزەوە باس لەم رەوشە دەکات و دەڵێت، پسوولەکانی کارەبا وایان لێ دەکەن پێبکەنن، چونکە سیستەمە نوێیەکە پسوولەی حەوت ملیۆن لیرەیی بۆیان دەگەڕێنێتەوە.
ئەو دەپرسێت، وەک کاسبکارێک داهاتەکەی تەنیا یەک ملیۆن و 500 هەزار لیرەیە، چۆن دەتوانێت ئەو بڕە پارە خەیاڵییە بدات. ئوسامە ئاماژەی بەوەش کرد، پسوولەی یەکەم بە یەک ملیۆن و 700 هەزار، دووەم بە دوو ملیۆن و 600 هەزار و سێیەم بە یەک ملیۆن و 600 هەزار لیرە هاتووەتەوە، ئێستاش دەبێت یەک ملیۆن و 300 هەزار بدات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئوسامە گوتی، ئەوان لە وڵاتی ئیمارات ناژین تاوەکو بتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن و خەڵک نازانێت بەرەو کوێ بڕوات و چی بکات. بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەم بەرزبوونەوەیە بازدانێکی گەورەیە و باری ئابووریی خێزانەکانی زۆر قورستر کردووە و ئاستەنگێکی دیکەی بۆ ژیانی رۆژانەیان زیاد کردووە.