ئەمڕۆ زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەیدسادق دابەش دەکرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسان محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە سەیدسادق، ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، وەک قۆناخی یەکەم نزیکەی 650 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
گوتیشی: بە ئامادەبوونی قایمقام ق نوێنەرانی لایەنی پەیوەندار، پڕۆسەکە بە تیروپشک بەرێوەدەچێت، ژمارەی سوودمەندبووان لە قەزای سەیدسادق زیاتر لە پێنج هەزار فەرمانبەر و خانەنشینن.
ئاسان محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، زەوییەکان لەسەر رێگای گوندی قاینجە دابەش دەکرێت، زەوییەکان نرخێکی باشیان هەیە و بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە خزمەتی 8 ساڵیان هەیە و سوودمەند نەبوونە.
لە 2ـی ئابی 2026، فەرحان عیزەدین، گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24 ـی راگەیاند، نەخشتەی ئەو زەوییانە بڕیارە لە هەڵەبجە دابەش بکرێن تەواوکراوە و ئامادەیە و وەزارەتی شارەوانیش رەزامەنی کۆتایی لەسەر داوە.
گوتیشی، زیاتر لە 10 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕکردووەتەوە و وردبینی لە ناوەکانیان دەکرێت بۆ ئەوەی بە گوێرەی مەرج و خاڵبەندییەکان لەو مافە سوودمەند بن.
ئاشکراشی کرد، بەمزووانە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەنتەری شاری هەڵەبجە دەستپێدەکات و گوتیشی، زەوییەکان کەوتوونەتە شوێنێکی گونجاوی شارەکە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.
گوتەبێژی شارەوانی هەڵەبجە راشیگەیاند، لە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو کەسانەی لە ساڵی 2005 ـەوە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لە کۆی 585 مامۆستا و خانەنشین 198 کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی ئەو خانەنیشنانە دەبنە خاوەن زەوی خۆیان.
فەرحان عیزەدین ئاماژەی بەوەکرد، هەر کەسێک کەسوکاری شەهید بێت و لەهەمان کاتدا فەرمانبەر بێت، ئەگەر زەوی لە سنووری شارەوانییەکی دیکە وەک کەسوکاری شەهید وەرگرتبێت، دەتوانێت لە وەرگرتنی زەوی فەرمانبەران سوودمەند بێت و بە دڵنیاییەوە زەوی پێدەدرێت.
لە 2024، بەبڕیاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، مەرجەکانیش بریتیی بوون لەوەی پیشتر سوودمەند نەبووبێت، خزمەتی هەشت ساڵیشیان هەبێت.