لە هەڵەبجە ناوی هەزار بەرکەوتووی چەکی کیمیایی تۆمار دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە ناوی نوێی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تۆمار دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە داوا لەو کەسانە دەکات کە پێشتر داوایان کردووە وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ناویان تۆمار بکرێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن و فۆڕمی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمایی تۆمار بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە دوایین مۆڵەت بۆ پڕکردنەوە و فۆڕم و ناو تۆمارکردن رۆژی پێنجشەممە 13 ـی هەشتی و 2026 ـە."واتا دووسبەی" تا کاتی کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی. داواش دەکات هەر کەسێک سەردانیان دەکات پێویستە کارتی نیشتمانی و زانیاری کەسی لەگەڵ خۆی ببات و فۆڕمەکە پڕبکاتەوە  و لە ماوەیەکی کەمیشدا فۆڕمەکە بگەڕێنێتەوە. 

سەبارەت بە وردەکاری زیاتری ئەو پرۆسەیە قسەمان لەگەڵ کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە کرد و بە کوردستان24 ـی گوت. کۆی گشتی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تاوەکو ئێستا تۆماکرابن نزیکەی 400 کەس بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە، بالیسان و شێخ وەسان و سێوسێنان. لە کاتێکدا تەنیا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 1800 کەس چارەسەر وەردەگرن، بۆیە داوا دەکەن پێداچوونەوە بۆ ناوی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بکرێت و کەس لەو پرۆسەیە بێبەش نەکرێت.

گوتیشی؛ دوای ئەوەی زانیارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە تەندروستییەکان لەسەر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی وەردەگرن ئاراستەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەکەن و دواتر ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی، پاشان ناوەکان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێن و وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی تۆمار دەکرێن.

بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە جەختیشکردەوە کەس لە پرۆسەکە بێبەش ناکرێت و ئەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و ناویان لە لیستەکەدا نییە، دوای تەواوبوونی ئەو هەزار ناوەی تۆماری دەکەن، ئەوانی دیکەش فۆڕمیان بۆ پڕدەکرێتەوە