د.غەزال هۆستانی: خەرجی نەوت هاوتای عێراق بکرێت بەنزین دەکەینە 450 دینار

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی کێشەی بەنزینەوە زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات و بەرپرسێکی باڵای ئەو وەزارەتە دەڵێت، پێشبینی دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی بەنزین چارەسەر ببێت، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەنزینی 450 دیناری دابەش بکات ئەگەر خەرجیی نەوتی کوردستان هاوتای خەرجیی نەوتی عێراق بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، د. غەزال هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان شەو و رۆژ لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە گشتگیرەی بەنزین کە لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان سەریهەڵداوە، چارەسەر بکات و باری سەرشانی خەڵک سووکتر بکات."

گوتیشی: هانی کۆمپانیاکان دەدەن و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بەنزین هاوردەی کوردستان بکەن، جەختیشی کردەوە، پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کێشەی بەنزین بەرەو چارەسەربوون بچێت و لەسەر ئەو پرسەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە گفتوگۆداین.

لەبارەی دۆخی بەنزین لە عێراق و هەرێمی کوردستان، د. غەزال هۆستانی رایگەیاند، پاڵاوگەکانی عێراق توانای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆییان لە بەنزین نییە؛ بۆیە حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بۆ هاوردەکردنی بەنزین داناوە و خستوویەتە بەردەستی وەزارەتی نەوت، ئەوانیش لە رێگەی کۆمپانیای ئادنۆکی ئیماراتی و وڵاتانی دیکەوە بەنزین هاوردە دەکەن، نرخی ئەو بەنزینە لە سەرووی دوو هەزار دینارە، بەڵام بە 450 دینار دەیدەنەوە بە هاووڵاتییان و زیاتر لە هەزار و 500 دینار پاڵپشتیی دەکەن، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە رووبەڕووی کێشەی کەمیی بەنزین نەبنەوە. لە کاتێکدا هیچ بڕە پارەیەک لەو بودجەیەی کە تەرخان کراوە بۆ هاوردەکردنی بەنزین، یاخود هیچ پشکێک لەو بەنزینەی کە هاوردە دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت. 

دەشڵێت "بە نووسراوی فەرمی، بە تەلەفۆن و بە نامە داوامان لە بەغدا کردووە پشکی کوردستان لەو بودجەیە یاخود لەو بەنزینەی کە هاوردەی دەکات بینێرێت."

سەبارەت بە زیادکردنی بەشە نەوتی کوردستان، د. غەزال هۆستانی ئاشکرای کرد، بەفەرمی داوامان لە وەزارەتی نەوت کردووە بەشە نەوتی کوردستان لە 50 هەزار بەرمیل نەوتەوە بکاتە 130 هەزار بەرمیل. داواش کرا ئەگەر بەغدا دەتوانێت، با نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و لێرە دەیپاڵێوین، یاخود لە نەوتی بەرهەمهاتووی کوردستان بڕی 50 هەزار بەرمیلەکە بکرێتە 130 هەزار بەرمیل، بەڵام بەغدا لەبەرامبەر ئەو پێشنیازانە بێدەنگ و بێوەڵامە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش دا "پێش دروستبوونی ئەو قەیرانە، 10 نووسراومان بۆ بەغدا کردبوو و پێشبینیی ئەو دۆخەمان کردبوو؛ داوامان لێکردبوون هاوکارمان بن بۆ ئەوەی نەگەین بەم دۆخە، بەڵام بەغدا بێوەڵام بوو."

ئاشکراشی کرد، لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی دەدرێتە پاڵاوگەکان، 40 هەزار بەرمیلی دراوە بە پاڵاوگەی لاناز و 10 هەزار بەرمیلیش دراوە بە پاڵاوگەی کار، هەروەها گوتی پاڵاوگەی کار بەتەنیا دەتوانێت 75 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بپاڵێوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نەوتمان نییە، بەناچاری تەنیا 10 هەزار بەرمیل نەوتی پێ دەدەین.

لەبارەی بەنزینی 450 دینارییەوە، د. غەزال ئاشکرای دەکات، خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان دەدرێتە پاڵاوگەکان 16 دۆلارە، بەڵام لە عێراق چوار دۆلارە، ئەگەر عێراق ئەو 16 دۆلارەی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت هاوتای عێراق بکاتەوە و بيكاتە چوار دۆلار، ئەوا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەتوانێت بەنزینی حکوومی لەبری 750 دینار، بۆ هەر لیترێک بە 450 دینار بداتە هاووڵاتییان.

سەبارەت بە دەنگۆی هەناردەکردنی بەنزینی پاڵاوگەکانی لاناز و کار بۆ دەرەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و گوتی "ئەمە قسەیەکی ناڕاستە و بۆ چەواشەکردنی خەڵکە." گوتیشی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کوردستان یەک ملیۆن و 750 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دێت، هەموو ئەو تانکەرانەی کە بەنزینەکە دەگوازنەوە کامێرای چاودێریان لەسەرە و تیمەکانی چاودێری و پشکنینیش چاودێریی تاک بە تاکی تانکەرەکان دەکەن لە کاتی دەرچوونیان لە پاڵاوگەکان تاوەکو بەتاڵکردنەوەیان لە بەنزینخانەکاندا.