وریا بالیسانی: وردبینی بۆ مەرجەکانی فەریزەی حەج دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نوێترین زانیارییەکانی لەبارەی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵەوە خستەڕوو و رایگەیاند، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە فەریزەی حەجدا زیاد بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، وریا بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد؛ ئێستا سەرقاڵی وردبینیکردنن لە مەرجەکانی فەریزەی حەج، بە مەبەستی رێکخستنی باشتر و دابینکردنی ئاسانکاری بۆ حاجیانی هەرێم.

لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە ئاماری تۆمارکردنی ناوەکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە 116هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان بۆ پڕۆسەی حەج تۆمار کردووە."

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستیی گەشتیاران، پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و پشکنینی وردی تەندروستی بۆ هەموو ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە بەشداریی فەریزەی حەج دەکەن.

پرۆسەی ناونووسینی خوازیارانی حەج بۆ ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستان، لە 21ـی تەممووزەوە دەستی پێکردبوو، ئەمشەو 10ـی ئاب کاتژمێر 12:00 شەو کۆتایی دێت. ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی تەواو دیجیتاڵی و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPASS)ـەوە بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی 73 هەزار کەس بە خۆڕایی ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

گۆڕینی سیستمی ناونووسین لە کاغەزەوە بۆ دیجیتاڵی بەشێکە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شەفافیەت و خێراکردنی خزمەتگوزارییەکان، تێیدا بڕی 25 هەزار دیناری تێچووی فۆرم لەسەر هاووڵاتییان لادراوە. بڕیاریشە دوای وردبینیکردنی ناوەکان، لە ئایندەیەکی نزیکدا وادەی تیروپشکی گشتی بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی سەفەری حەج دەکەن رابگەیەنرێت.