کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە گەلی عەلی بەگ کارا کرا

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، کۆمەڵێک رێکاری نوێی رێکخستنەوە و چاودێری لە رێگەی گەلی عەلی بەگ جێبەجێ کرد، کە دانانی کامێرای "خاڵ بۆ خاڵ" گرنگترینیانە.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ، چەندین رێکاری ئەندازیاریی و چاودێری لە رێگەی گەلی عەلی بەگ گرتووەتەبەر. رێکارەکان بریتین لە فراوانکردنی رێگەی ناو پێچەکان، جیاکردنەوەی ئاراستەکانی چوون و هاتن، و گۆڕینی گاردێلە تێکچووەکانی رێگەکە.

هاوکات وەک بەشێک لە رێکارەکان، خێرایی رێگەکە لە 80 کیلۆمەترەوە بۆ 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەمکراوەتەوە، هێما کۆنەکان گۆڕدراون و هێمای نوێی ئاگادارکردنەوە دانراون. یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانیش دانانی کامێرای چاودێری خێرایی "خاڵ بۆ خاڵ"ە (Point-to-Point) کە چاودێری وردی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان دەکات.

هاووڵاتییان و رێبوارانی ئەو رێگەیە پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن. هاووڵاتییەک بۆ کوردستان24 گوتی: "دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، بۆ ئەوەی مەترسی لە رێگەوبانەکانی هاتوچۆ کەمببێتەوە."

هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژەی بە پێویستی ئەو رێکارانە کرد و رایگەیاند: "بەڕاستی لەناو گەلی عەلی بەگ زۆر پێویست بوو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابنرێت، چونکە رووداوی هاتووچۆ گەلێک زۆر بوو."

ئەم رێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ رێکخستنەوەی رێگەوبانەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ کەمکردنەوەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆ.