مانگی رابردوو 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتیان کردووە

بە تایبەتی لەم وەرزی گەرمایەدا، باڵەکایەتی بووەتە فریادڕەس بۆ گەشتیاران، ئەمەش وایکردووە شوێنی گەشتیاریی لەم ناوچەیەدا زیاتر پەرەی پێبدرێت و شوێنی زیاتری گەشتیاری بکرێنەوە، هەروەها مانگی رابردوو 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە و چەندین مۆڵەتی نوێش بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بە وەبەرهێنەران دراون.

هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، تەنیا مانگی رابردوو زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار لە ناوخۆی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوە و شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری باڵەکایەتییان کردووە و پێشبینی دەکەن مانگەکانی داهاتوو رێژەکە زیاتر بەرزبێتەوە.

 گوتیشی: ئەو ئامارەی هاتنی گەشتیاران تەنیا گەشتیار دەگرێتەوە و ئەو گرووپ و کەسانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن و لە ناوچە شاخاوییەکان کەمپەین دەکەن ناگرێتەوە، دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لە هەرچوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە و پلەی گەرما بەراورد بە ناوچەکانی دیکە نزمترە، ئەوە بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانی گەشتیاران.

ئاشکراشی کرد، زیاتر لە 40 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن و زۆرترین خواستی گەشتیاران لەسەر خانووی کولتووری و هەروەها "خانەباخە" واتا ئەو خانووانەی بە تەنیا لەناو باخچەکان دروست کراون و ژمارەیان زیاتر لە 220 خانووە. 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد، دەڤەری باڵەکایەتی لە هەر چوار وەرزی ساڵ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات و لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستانیش پێشوازی لە هەزاران گەشتیار بکەن.

هەڵگورد محەمەد، ئاشکراشی کرد، ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە قۆناخی جێبەجێکردن و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش مۆڵەتییان تەواو کراوە و ئەگەر دۆخەکە و کەشوهەوای ناوچەکە لەباربێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

راشیگەیاند، رۆژانە وەبەرهێنەر لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانیان دەکەن و دەیانەوێت پڕۆژەی گەشتیاری لە دەڤەری باڵەکایەتی بکەن، ئەوانیش بە گوێرەی رێنمایی و یاسا بەرکارەکان ئاسانکارییان بۆ دەکەن و مەرجی سەرەکییان بۆ وەبەرهێنەران ئەوەیە پڕۆژەکە بە گوێرەی ستانداردی جیهانی و تەواو کوالێتی بێت و بەرگەی کەشوهەوای ناوچەکە بگرێت.

دەڤەری باڵەکایەتی لە شارۆچکەی چۆمان و چوار شارەدێ و نزیکەی 120 گوند پێکهاتووە و لە وەرزی هاوینان و گەرمترین رۆژی مانگ پلەی گەرما لە 30 پلەی سیلیزی تێپەڕناکات و لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە، ئەوەش وایکردووە دەیان ناوچەی گەشتیاری تێدا هەڵکەوێت و شوێنێکی گونجاو بێت بۆ سەردانی گەشتیاران.