عێراق هەڕەشەی داخستنی کۆڕەک دەکات و بەشداربووانیش نیگەرانن
دەستەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی عێراق هۆشداریی داخستنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەدات، لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکە بڕیارەکە بە "سیاسی" وەسف دەکات و هاووڵاتییانیش هۆشداریی لە فەوتانی سەدان هەزار هەژماری بانکی و تێکچوونی ژیانی رۆژانەیان دەدەن.
دەستەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی عێراق هۆشداریی لە داخستن و راگرتنی کارەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم داوە، بەڵام پسپۆڕان و بەشداربووان دەڵێن داخستنی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت. لە بەرامبەردا کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم رایدەگەیەنێت، ئەم بڕیارەی دەستەی گواستنەوە بە هاندانی سیاسییە و دەستێکی سیاسی لە پشت بڕیارەکەیە.
ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، زیان بە سەدان هەزار هاووڵاتی و بەشداربووانی کۆمپانیاکە دەگەیەنێت. هاووڵاتییەک لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "یەکەمین زەرەرمەند لەم بڕیارە هاووڵاتییە نەوەک کۆمپانیاکە، چونکە هەموو هەژمارەکانی هاووڵاتییان و هەژماری بانکی و هەموو ئەوانەی لەسەر ژمارەی کۆڕەک بەستراون دەوەستن. هاووڵاتی هەیە بە ملیۆنان دیناری لەناو حسابێکی بانکیدایە کە لەسەر ژمارەی تەلەفۆنەکەیەتی، کێ دەتوانێت زەرەری ئەو هاووڵاتییە قەرەبوو بکاتەوە؟"
هاووڵاتییەکی دیکەش داوای راگرتنی بڕیارەکەی کرد و گوتی: "داواکارین ئەم بڕیارە بوەستێت و جێبەجێ نەکرێت، چونکە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نییە. هێشتا خواستێکی زۆر لەسەر سیمکارتەکە ماوە و خەڵک دەیکڕێت."
هاوکات، کارتفرۆشێکی ناو بازاڕی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە وەستانی کۆڕەک کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت، بەتایبەتی لە شاری هەولێر کە زۆرینەی خەڵک بەشداربووی ئەو کۆمپانیایەن و ژیانی رۆژانەیان پەیوەستە بەو خزمەتگوزارییەوە.
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە کۆڕەک تیلیکۆم وەک کۆمپانیایەکی نیشتمانی رۆڵێکی بەرچاوی لە کەرتی پەیوەندییەکاندا هەیە و راگرتنی، کێشەی گەورە بۆ پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بەشداربووانی دروست دەکات.