18 کیلۆمەتر لە رێگای هەولێر - کۆیە قیرتاوکراوە

کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 18 کیلۆمەتری رێگەکە قیرکراوە و 150 ئاوبەری کۆنکریتی و 3 ژێرپرد و 2 بەرزەپردی پرۆژەکەش تەواوکراون.

پڕۆژەی ستراتیژیی دوو سایدی هەولێر – کۆیە، کە لەلایەن کۆمپانیای "ئاوزان"ەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتی و لە ماوەی 1275 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت، وەرچەرخانێکی گەورە لە کەرتی رێگاوبانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە بە دیزاینێکی نوێ دەستی پێکردووە، گۆڕانکاری لە تەواوی پڕۆژەکەدا کرا بە سێ رێڕەو بۆ هەر سایدێک بە پانی 12 مەتر و زیادکردنی 11 بەرزەپرد و ژێرپرد، کە بە سێ چین و بە ئەستووری 22 سانتیمەتر قیرتاو دەکرێت.

پڕۆژەکە دوو قۆناخی سەرەکی لەخۆ دەگرێت؛ قۆناخی یەکەم درێژی 37 کیلۆمەترە و قۆناخی دووەم درێژی 11کیلۆمەترە کە رێگاکە دەبەستێتەوە بە شەقامی 60 مەتری کۆیە و بازگەی تۆپزاوە. ئێستا کارکردن لەسەر 32 کیلۆمەتر بە چڕی بەردەوامە و 18 کیلۆمەتری قیرتاو کراوە، هەروەها 150 ئاوبەری کۆنکریتی و 3 ژێرپرد و 2 بەرزەپرد تەواو بوونە و یەکتربڕی هەولێر-کەسنەزان و سێ بەرزەپردی تر لە قۆناغی کۆتاییدایە. 

تاوەکو ئێستا نزیکەی 4.8 ملیۆن مەتری سێجا بڕین و ٤.٩ ملیۆن مەتری سێجا پڕکردنەوە لە پڕۆکە کراوە. بە کۆتاییهاتنی ئەم پڕۆژە مەزنە کە بە دەستی کاری ناوخۆیی دەکرێت، رێگەی کۆنی پڕ مەترسیی نێوان هەولێر-کۆیە دەگۆڕێت بۆ رێگەیەکی خێرای دووساید و کاتی گەشتکردن 27 خولەک کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و نەهێشتنی رووداوەکانی هاتوچۆ.

پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- کۆیە 10ی 10ی 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی داندراوە و بە گوژمەی زیاتر لە 403 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.