وەزارەتی بازرگانی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دەخاتەروو

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا ئاشکرا دەکات و گرانییەکە بۆ قەیرانە دەرەکییەکان، بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە و مامەڵەکردن بە دۆلاری بازاڕی رەش دەگەڕێنێتەوە.

ماوەیەکە بەهۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان، بارگرانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، لەو چوارچێوەیەدا سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەم پرسە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەرهەمهێنەر دەگەڕێتەوە، دواتریش وڵاتی تێپەڕبوو نرخەکەی بەرز کردووەتەوە. 

بریکاری وەزارەتی بازرگانی هۆکارێکی دیکەی بۆ زیادبوونی کرێی گواستنەوە گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە باجی دڵنیایی زیاتر وەردەگرن، چونکە ئامادە نین لە کاتی مەترسیدا زیان بکەن، ئەمەش راستەوخۆ تێچووی کاڵاکان زیاد دەکات.

سەروەر هاواری جەختی لەوە کردەوە، هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا رووبدات کاریگەریی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، لەبەرئەوەی ناتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و ناچارە زۆرترین کاڵا لە دەرەوە هاوردە بکات.

 روونیشی کردەوە، داخستنی فڕۆکەخانەکان و ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و بابەلمەندەب وایان کردووە کاڵاکان درەنگتر بگەن، بەمەش خواست لەسەر کاڵاکان زیاد دەبێت و خستنەڕوو کەم دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا رێگە نادەن بازرگانانی هەرێمی کوردستان دۆخەکە بۆ گرانکردنی کاڵاکان بقۆزنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری وەزارەتی بازرگانی تیشکی خستە سەر پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا و گوتی، نەچوونی بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەم سیستەمە هۆکارێکی دیکەی گرانییە. ئەو بازرگانانەی لە دەرەوەی سیستەمەکەدان، ناتوانن دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بکڕن و ناچارن کاڵاکانیان بە دۆلاری بازاڕی رەش هاوردە بکەن، لە کۆتاییشدا ئەو جیاوازییەی نرخ دەچێتە سەر شانی کڕیار.