کەرکووک.. بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو" نمایشکرا

بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو"، کە بەرهەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەشی فیلمسازییە و هەوار فارس کاری دەرهێنانی بۆی کردووە، لە کەرکووک نمایشکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی ئابی 2026، هەوار فارس، دەرهێنەری ئەو بەڵگەفیلمە بە کوردستان24ی راگەیاند، " وێنەگرتنی بەڵگەفیلمەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026، لە شاری کفری ئەنجامدراوە و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و هونەرمەندان لە بەرهەمهێنانی ئەو کارەدا بەشداربوون. ئەو بەڵگەفیلمە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی فیلمسازی بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە لە فێستیڤاڵی ساڵانەی کۆلێژ ئەو بەرهەمەمە نمایش بکەم و لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵسەنگادنی بۆ بکرێت."

هەوار فارس باس لە چیرۆکی بەڵگەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم بەڵگەفیلمە گرنگییەکی تایبەتی بە مێژووی مەقامی "موجیلە" دەدات؛ مەقامێک کە لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا دەردەکەوێت داهێنانی مەقامبێژی کورد "موجی والی" بووە لە شاری کفری لە سەدەی نۆزدەهەمدا. بەڵام لە دواتردا، لە مێژووی موزیکی عێراقیدا ناسنامەی ئەو مەقامە بە شێوەیەکی سیستماتیک گۆڕدراوە و بە ناوی "مەدمی" وەک بەشێک لە مەقامە عەرەبییەکان ناسێنراوە."

 گوتیشی، "سینەما دەتوانێت وەک رێگەیەکی زانستی و مێژوویی بۆ پاراستن و گەڕاندنەوەی ماف و ناسنامەی داهێنەران و میراتی کولتووری بەکاربهێندرێت. ئەم بەڵگەفیلمەم پشت بە شێوازی "لێکۆڵینەوەی وێنە" دەبەستێت و لە رێگەی وێنەگرتنی شوێنەوارەکانی شاری کفری و کۆکردنەوەی یادەوەرییە زارەکییەکان، هەوڵ دەدەم بەڵگە و سەرچاوەی مێژوویی بۆ رەگ و ریشەی کوردیی ئەم مەقامە بخەمەڕوو."

بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو"، کە لە دەرهێنانی هەوار فارسە، رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026، لە کەرکووک نمایشکرا.

بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو"، هەوار فارس کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. دڵشاد مستەفا وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژە ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە. هۆزان شێرزادیش وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن بەشداری کردووە. نەژاد نەجم وەک بەڕێوەبەری بەرهەم، دلۆڤان مەجید لە بواری مۆنتاژ و مکیاژ، هێڤار عومەر وەک دەنگهەڵگر، بەرهەم یاسین لە دیکۆر، عەلی ئاراس لە فلای کام و تۆلاز بۆکان لە دیزاینی رووناکیدا، بەشداریان کردووە.