هەژماری من: تەنیا 20 رۆژ بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکان ماوە
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" رایگەیاند، تەنیا 20 رۆژ لەبەردەم فەرمانبەران و خانەنشینانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستاندا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان، چونکە پاش بەرواری 31ـی ئابی 2026، دابەشکردنی مووچە بە شێوازی نەختینە (کاش) بە تەواوی رادەگیرێت و دەوەستێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی تیمی پڕۆژەی هەژماری من، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران پێش ئەو بەروارە کارتەکانیان وەرگرتبێتەوە، چونکە دوای ئەوە چیتر بە کاش مووچە دابەش ناکرێت. هاوکات فەرمانبەران و خانەنشینان دەتوانن لە ڕێگەی کورتەنامە (SMS)، ڤایبەر، واتس ئاپ، یان لە کاتی وەرگرتنی مووچەی ئەمجارەیان لە رێگەی بانکەکانەوە، بزانن کە ئایا کارتە بانکییەکەیان ئامادەیە یان نا.
ئامارە فەرمییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" دەریدەخەن پرۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و تاوەکو ئێستا 96%ی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا لە بانکەکاندا تۆمار کراون؛ بە جۆرێک پارێزگای هەولێر 99%، پارێزگای دهۆک 99%، و پارێزگای سلێمانیش 92%ی مووچەخۆرانیان تۆمار کردووە.
هەروەها بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە کاتی راکێشانی مووچەکانیان لە هەر کات و شوێنێکدا، تیمی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 ئامێری راکێشانی پارە (ATM)ـی لە سەرانسەری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کردووە.