لیژنەی دارایی پەرلەمان: مووچەی 10 مانگی فەرمانبەران مسۆگەرە

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەر کراوە و یەدەگی دارایی عێراق لە گەنجینەی دەوڵەتدا گەیشتووەتە 109 ترلیۆن دینار، ئەمەش بڕێکی دڵنیاکەرەوەیە و بەشی دابینکردنی مووچەی 10 مانگی بەردەوام دەکات.

مەنسوور بەعیجی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، لیژنەکەیان کۆبوونەوەیەکی هاوبەش و ئاستبەرزی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، فالح ساری، وەزیری دارایی و نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی، کردووە و بە مەبەستی تاوتوێکردنی تێکڕای دۆخی دارایی و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگەکان، ئاماژەی بەوەش دا، رەوشی دارایی وڵات لە ئێستادا جێگیر و دڵنیاکەرەوەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی تەئکیدی کردووەتەوە کە یەدەگی دارایی عێراق لە گەنجینەی دەوڵەتدا گەیشتووەتە 109 ترلیۆن دیناری عێراقی، ئەمەش جگە لە هەبوونی یەدەگێکی زۆری زێڕ و داهاتە ناوخۆییەکانی تری دەوڵەت، کە بەسە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ماوەی 10 مانگ بە تەواوەتی.

بەعیجی ئاماژەی بەوەش دا، کە لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی باش لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیدا هەیە، بۆ داڕشتنی ڕێگاچارەی زانستی و هاوبەش بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان.