روونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی سیمکارتی تۆمارنەکراو

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە پرسی سیمکارتی تۆمارنەکراو رایگەیاند، بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، راشیگەیەنێت، هەر دوکاندار و فرۆشیارێک مامەڵەیان پێوە بکات رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی و دارایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن گوایە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت بەتەواوی پێچەوانەیە، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی و گەیاندن، هەوڵی جدیی دراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و هەنگاوی کرداریی گرنگ گیراونەتە بەر.

سەبارەت بە سزای سەرپێچیکاران، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە رێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2021داوە کە بەپێی ئەوە، هەر کەسێک یان دوکاندارێک سیمکارتی تۆمارنەکراو بفرۆشێت، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی. 

ئاشکراشی کردووە لە هەڵمەتەکانی دواییدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە سیمکارتی تۆمارنەکراودا گیراوە و رێککاری زۆر توند بەرامبەر ئەو کەس و خاوەن دوکانانە گیراوەتە بەر کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری سەرجەم دوکاندار، کاسبکاران و فرۆشیارانی مۆبایلی کردەوە کە بە تەواوی خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردن بە سیمکارتی تۆمارنەکراو و بێخاوەن، بە پێچەوانەوە، بەرپرسیار دەبن و تووشی توندترین سزای یاسایی و لێپێچینەوە دەبنەوە.

هاوکات جەخت کراوەتەوە، سیمکارت دەبێت تەنها لە لایەن بریکارە فەرمییەکان و دوای تۆمارکردن و بەناوکردنی فەرمی بفرۆشرێت. هاوکات ئاگاداری هاووڵاتیانیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک سیمکارتی تۆمارکراو بە ناوی خۆیان نەفرۆشنە هیچ کەسێک، بێ ئەوەی بە شێوازی فەرمی خاوەندارێتییەکەی بگوێزرێتەوە.