هەولێر.. تانکەرێکی سووتەمەنی ئاگری گرت و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە سەر رێگەی کەرکووک لە نزیک شوقەکانی جیهان، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستداوە و ئاگرەکەش بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە.

چوارشەممە، 12ی ئابی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، رووداوێکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە سەر رگەی کەرکووک لە شاری هەولێر روویداوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێر، بارهەڵگرەکە بڕی 36 هەزار لیتر بەنزینی بارکردبوو، کە دوای گڕگرتنی پشێوییەکی زۆری لە ناوچەکەدا دروستکرد.

شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی توندیی ئاگرەکە و دەرهاویشتەی سووتانی سووتەمەنییەکە، شۆفێری بارهەڵگرەکە لە ناو ئاگرەکەدا گیانی لەدەستداوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دڵنیایی دا رووداوەکە لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە و ڕێگری کراوە لەوەی زیانی زیاتر بە باڵەخانەکانی دەوروبەر بگات.