داوا لە مووچەخۆران دەکرێت پێش کۆتایی ئەم مانگە کارتەکانیان وەربگرنەوە

پڕۆژەی "هەژماری من"
پڕۆژەی "هەژماری من"

پڕۆژەی "هەژماری من" هۆشداری دەداتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان پێش کۆتایی ئەم مانگە، ئەگەرنا مووچەکانیان رادەگیرێت، هاوکات دابەشکردنی مووچە بە پارەی کاش نامێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، تیمی پڕۆژەی پڕۆژەی "هەژماری من" لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، دوای 31ـی مانگی ئاب دابەشکردنی مووچە بە پارەی کاش کۆتایی دێت. بەغدا داوا دەکات هەموو مووچەخۆران لەم پڕۆژەیەدا تۆمار ببن بۆ ئەوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت.

تیمی پڕۆژەکە روونیشی کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 150,000 کارت لەلایەن خاوەنەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە، هاوکات 80,000 کارت لە بانکە میرییەکاندا ئامادەن بۆ رادەستکردن. لە لایەکی دیکەوە نزیکەی 25,000 مووچەخۆر ماون کرداری خۆتۆمارکردن لە رێگەی بانکەکانەوە کۆتایی پێ بهێنن.

سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە داوا لە مووچەخۆران دەکەن مۆبایلەکانیان کراوە بێت بۆ وەرگرتنی کورتەنامە. فەرمانبەران لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ چوونە ئەو بانکەی ئاماژەی پێ دەدرێت بە ئامانجی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

ئەو کەسانەشی تاوەکو ئێستا نامەیان بۆ نەهاتووە، پێویستە چاوەڕێ بن، لەبەرئەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا نامەیان پێ دەگات. بۆ هەر زانیارییەکی زیاتریش مووچەخۆران دەتوانن پێوەندی بە هێڵی گەرمی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکەوە بکەن لە رێگەی ژمارە 1991.

پڕۆژەی هەژماری من لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەنرا. ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئاسانکارییە بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان لە رێگەی سیستەمێکی بانکیی متمانەپێکراوەوە.

 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون و خاوەنی کارتی بانکیی خۆیانن. هاوکات نزیکەی 700 ئامێری راکێشانی پارە لە سەرتاسەری شارەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

 پڕۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رێکخستنەوەی باری دارایی و نەهێشتنی پشتبەستن بە پارەی کاش لە کاتی پێدانی مووچەدا.