فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە" لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت
فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە"، لە دەرهێنانی محەمەد مستەفا و بەرهەمهێنانی باهۆز نەسرەدینە، یەکێکە لە بەرهەمە نوێکانی سینەمای کوردی لە ژانری خێزانی و کۆمیدی، لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت.
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فیلمە سینەماییە، وەک بەرهەمێکی نوێ لە سینەمای کوردی خۆی بۆ جۆرێکی خێزانی و کۆمیدی ئامادە کردووە؛ فیلمێک کە تەنیا ئامانجی ئەوە نییە خەڵک پێبکەنێت، بەڵکو لە پشت کۆمیدیاکەوە چەندین پەیامی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت."
گوتیشی، "ئێمە دەمانەوێت خێزانەکان بە دڵخۆشی بچنە سینەما، پێکەوە پێبکەنن، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا پێکەنین نەبێت، بەڵکو ئەوەی لەگەڵیان دەگەڕێتەوە؛ پەیامێک و بیرکردنەوەیەکیش لەگەڵ خۆیان ببەنەوە."
باهۆز نەسرەدین باس لە گرنگیی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە سینەماییە دەکات و دەڵێت، "فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە"، هەوڵێکە بۆ ئەوەی سینەمای کوردی بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ خێزانەکان قسە بکات؛ بەرهەمێک کە منداڵ و گەورە هەردووکیان بتوانن لە چیرۆکەکەدا خۆیان ببینن و لە هەمان کاتدا کاتێکی خۆش لەگەڵ فیلمەکە بەسەر ببەن."
باهۆز نەسرەدین باسی لەوەش کرد، "چەندین هونەرمەندی دیاری کوردستان لەم فیلمەدا بەشدارن وەکو، سیروان جەمال، خەرمان هیرانی، هەڵوێست جەمال، هێلیان شێرزاد، هەتوان هێرش، زین رەوەز و دێرێ دارکۆ، کە هەر یەکەیان بەشێک لە کەسایەتی و رووداوەکانی چیرۆکەکە پێشکەش دەکەن."
فیلمی سینەمایی "ماڵی نەنە"، لە دەرهێنانی محەمەد مستەفا و بەرهەمهێنانی باهۆز نەسرەدینە، بڕیارە 27ی ئابی 2026 و رۆژانی دوایی، لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت.