راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیران: حکوومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردنی مووچە

راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مووچە دابینکراوە و کارکردن بە هەموو توانایەکەوە بەردەوامە بۆ دابینکردنی، ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، حکوومەت و سەرۆکوەزیران نوێنەرایەتی گەل دەکەن و دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسا و دەستوورە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئابی 2026، مەزهەر محەمەد ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت "قەیرانی نەختینە هەیە ئەم قەیرانە داراییە لە ئەنجامی سیاسەتی دەوروبەر دروستبووە، شەڕی گەرووی هورمز بووەتە هۆی رێگریکردن لە هەناردەی نەوت، چونکە نزیکەی 85%ـی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت، هاوکات ئاسیا 70%ـی ئەو نەوتە عێراقییەی هەناردە دەکرێت بەکاردەهێنێت، کە بۆ عێراق ژمارە یەکە".

راوێژکاری سەرۆکوەزیران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "بودجەی ئەمڕۆ بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئەگەر داهاتەکان بۆ کەمتر لە 10% دابەزێت، بۆشایی دروست دەبێت، گەورەترین خەرجی بەکاربردنیش مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت و کرێی پەیوەندیدار بەو مووچە و خانەنشینی و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییە".

روونیشیکردەوە "خەرجی مانگانەمان 8 تریلیۆن دینارە. ئەمەش بژێوی نزیکەی 10 ملیۆن کەس دابین دەکات کە داهات لە حکوومەت وەردەگرن، کە فەرمانبەرانن ئەوانیش لە حکوومەتی فیدراڵ و لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مووچەی خانەنشینی و کرێگرتەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی و بەخشینەکان بۆ کۆمپانیا گشتییە پەککەوتووەکان کە لە کارکردن وەستاون یان زیانبارن بۆ دابینکردنی مووچەکانیان".

ساڵح روونیکردەوە "دابینکردنی مووچە پرسێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە و ئەمە پرسێکی گرنگە". ئەو بەرپرسە جەختیشی کردەوە، "سەبەتەی خۆراک کە بۆ 40 ملیۆن عێراقی دابین دەکرێت، پەیوەستە بە دۆخی بودجەوە، چ بە پاڵپشتیکردنی سەبەتەی خۆراک یان مووچە".

راوێکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتیشی "ئابووری بەم شێوەیە دیزاین کراوە و ناکرێت دیزاینەکە بگۆڕدرێت، ئەمە پرسێکی پێکهاتەییە و لەگەڵ پێشکەوتندا دەوڵەت دەگۆڕێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، "حکوومەت بە بنەما باڵاکان، بە گران و هەرزان، پەرۆشی ئەوەیە مووچە و کرێ و خانەنشینی و تۆڕەکانی چاودێری بەشێوەی مانگ بە مانگ دابین بکات".

لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد، "حکوومەتی ئێستا و سەرۆکوەزیران نوێنەرایەتی گەل دەکەن و ماددەی سەرەکی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پابەندبوونە بە یاسا و ئەخلاق و دەستوور". دووپاتیشی کردەوە "مووچە دابینکراوە و کارکردن بە هەموو هۆکار و تواناکانەوە بەردەوامە بۆ دابینکردنی".