هەولێر.. قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی تەواو کراون و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "تاوەکو ئێستا حەوت قۆناغی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند بوون."

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکراشی کرد، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی پارچە زەوییەکان دەست پێ بکات و زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سوودمەندبوودا دابەش بپۆشرێت.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 130 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون. هەروەها پرۆسەی ئامادەکردن و دابەشکردنی زەوی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا خێراتر کراوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.