کۆمەڵەی خۆشنووسان: خۆشنووسانی کورد سەرمەشقی جیهانن
لە رۆژی جیهانی خۆشنووسیدا، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان لە هەپڤەیڤینێکدا ئاماژە بەوە دەکات، خۆشنووسانی کورد ساڵانێکە لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا خەڵاتی باڵا بەدەستدەهێنن و وەک دادوەر بەشدار دەبن، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا رووبەڕووی کێشەی جدی بوونەتەوە؛ لە نەبوونی بارەگای شیاو و هۆڵی شایستەی پێشانگەکانەوە، تا کەمتەرخەمیی سیستەمی پەروەردە و نەبوونی پاڵپشتیی سەرمایەداران.
لە بڕگەکانی ئەم دیمانە تایبەتەدا، لەگەڵ مەریوان پیرباڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان، بڕگە بە بڕگە دەچینە ناو رەوشی ئێستای ئەم هونەرە، ئاستی رکابەریی خۆشنووسانی کورد لە جیهاندا، کاریگەریی تەکنەلۆژیا، و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دروستکردنی "قوتابخانە و ناسنامەی تایبەتیی خۆشنووسیی کوردی".
کوردستان24: لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک خۆشنووسی دیار هەن؟
مەریوان پیرباڵ: سەبارەت بە پرسیارەکەت؛ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە خۆشنووسی زۆر باش و ئاستبەرزمان لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەگەر بە توانای هونەریی خۆشنووسان بڕوانین، خۆشنووسیی کوردستان لە ئاستێکی باش و شایستەدایە و هەندێک لە خۆشنووسەکانمان توانای ڕکابەری لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییان هەیە.
زۆر لە خۆشنووسەکانمان لە پێشبڕکێ و چاڵاکییە نێودەوڵەتییەکاندا پاداشتی گرینگ بەدەستدەهێنن ژمارەیەک لە مامۆستایانی خۆشنووسیمان هەن لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیدا دادوەری دەکەن، ئەمە بۆ خۆی نیشانەی بەرزی ئاستی خۆشنووسیی کوردستانە.
کوردستان24: کۆمەڵەکەتان لە چەند ئەندام پێکهاتووە؟
مەریوان پیرباڵ: کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان کۆمەڵێک خۆشنووس لەخۆ دەگرێت و ئەندامەکان لە ئاستی جیاواز دان، لە مامۆستا و خۆشنووسی خاوەن ئەزموونەوە تا گەنجانی نوێخواز، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ژمارەی ئەندامان ناتوانین بڵێن شتێکی جێگیرە، چونکە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە گرنگیی کۆمەڵە تەنها بە ژمارەی ئەندامان ناپێورێت بەڵکو بە ئاستی چاڵاکی بەرهەم، پەروەردە و خزمەتکردن بە خۆشنووسی دەپێورێت.
کوردستان24: ئەوەی دەبێت ئەندام، مەرجی چییە؟
مەریوان پیرباڵ: مەرجی سەرەکیی ئەندامبوون حەز و پابەندییە بە هونەر و خۆشنووسی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەندام دەبێت پابەند بێت بە ڕێوشوێنی کۆمەڵە ، رێزگرتن لە مامۆستایانی خۆشنووس، بەشداری لە چاڵاکییەکانی کۆمەڵە گرینگی خۆی هەیە.ئێمە دەمانەوێت دەرگای کۆمەڵە بۆ گەنج و ئارەزووماندانی ئەم هونەرە کراوە بێت، چونکە ئەگەر ئەم هونەرە تەنها لە نێوان چەند خۆشنووسێکی پیشەییدا بمێنێتەوە، ناتوانێت بەردەوام بێت.
کوردستان24: ئەندامەکان چەندیان کچ و کوڕن؟
مەریوان پیرباڵ: لە کۆمەڵەکەماندا لە هەردوو رەگەز، ئافرەتان و پیاوان، ئەندامن، ئێمەش لە بواری خۆشنووسی هەموو کەسێک بە توانای هونەریی خۆی هەڵدەسەنگێنین، پێموایە کەسێک خولیای هونەریی هەبێت رەگەز نابێتە رێگر لەبەردەمی.
کوردستان24: ئایا خۆشنووسی لەلای خەڵکی گرنگی پێ دەدرێت یان کەمبووەتەوە؟
مەریوان پیرباڵ: بەڵێ، هەموو زەمەنێک دوو جۆری خۆشنووسی هەبووە، شێوازێک بۆ راییکردنی ئیش و کاری رۆژانە کە بە خۆشنووسی بازڕگانی ناسراوە، شێوازێکی تر تەواو هونەریی بووە، بەڵام لە ئێستادا شێوەی گرنگیدانەکە گۆڕاوە، لەم ڕۆژگارەدا بەهۆی تەکنەلۆژیا و فۆنتە دیجیتاڵییەکانەوە، ئیش و کاری ڕۆژانە لە خۆشنووسی دابڕاوە. لە بەرامبەردا، خۆشنووسی زیاتر وەک هونەر پەیڕەو دەکرێت، ئەمە بۆ ئێمە دەرفەتێکە، چونکە دەتوانین خۆشنووسی لە «جواننووسین» ێکی ئاسایی ببەین بەرەو هونەرێکی کاریگەر و پەیامدار.
ئێمە هەوڵ دەدەین بە پێشانگا و چاڵاکییەکان ئەو پەیامە بگەیەنین کە خۆشنووسی بەشێکە لە ناسنامە و فەرهەنگی هونەریی کورد.
کوردستان24: زیاتر بۆ چ مەبەستێک خۆشنووسی گرنگی پێ دەدرێت؟
مەریوان پیرباڵ: خۆشنووسی بۆ پاراستنی فەرهەنگ و کولتوور، پەیوەندیی زمان و هونەر، پەرەپێدانی هەستی جوانی، فێرکردنی ئارامیی و وردبینی، هەروەها بۆ بەکارهێنان لە دیزاین، ئەگەر زیادەرەوییم نەکردبێ بەشێکی گرینگە لە تەلارسازی، زۆر جاریش تەماشاوانان سەردانی پێشانگە خۆشنووسییەکان دەکەن، خۆشنووسانیش لەم ڕێگەوە پەیامە تایبەتییەکانیان دەگەیەنن.
بەڵام لە دیدی ئێمەوە گرنگترین شت ئەوەیە کە خۆشنووس بتوانێت پیت بکاتە بەرهەمی هونەری، پیت تەنها بۆ خوێندنەوە نییە؛ دەتوانێت هەست، مێژوو و ناسنامە بگوازێتەوە.
کوردستان24: لە هەرێمی کوردستان خۆشنووسەکان زیاتر بەکام جۆر دەنووسن؟
مەریوان پیرباڵ: نستەعلیق، نسخ، سولس و روقعە. ئەم شێوازانەن کە خۆشنووسانی کوردستان کاریان لەسەر کردووە. لەم ماوەدا کۆمەڵەکەمان بانگەوازێکی گشتی ڕاگەیاندووە کە بەنیازی کردنەوەی پێشانگەیەکە بەناوی (ڕەهانووسی) کەلەگرافیی نوێ تاقی بکەنەوە، جیاواز لەم جۆرە خۆشنووسییە نەریتییەی ساڵانێکە پەیڕەو دەکرێت.
ئێمە پێمان وایە؛ فێربوونی شێوازە کلاسیکییەکان بنەمایە و نابێت لەدەست بدرێت، بەڵام نابێت لەوێ پەنگ بخۆینەوە. خۆشنووس دەبێت لەو بنەمایەوە بگاتە داهێنان و زمانێکی تایبەتی خۆی دروست بکات.
بەتایبەتی لە ڕێنووسی کوردیدا دەرفەتێکی زۆرمان هەیە بۆ کارکردن لەسەر خۆشنووسی نوێ
کوردستان24: لەم سەردەمەدا کە فۆنتی ئامادە و دیزاینی دیجیتاڵی زۆر بووە، تا چەند مەترسی لەسەر سڕانەوەی ڕەسەنایەتیی خۆشنووسیی دەستی دروست بووە؟ ئایا تەکنەلۆژیا ڕکابەری خۆشنووسییە یان خزمەتی کردووە؟
مەریوان پیرباڵ: من هیچ کاتێک پێموانەبووە تەکنەلۆژیا زیان بەهونەر بگەێنێت، بەڵکو لاموایە تەکنەلۆژیا دەکەوێتە خزمەت هونەر، یاخود باشترە بڵێن؛ هونەر تەکنەلۆژیا ڕام دەکات بۆ خزمەتی خۆی، هونەری دیجیتالیش هونەرێکە ڕێچکەی خۆی دەدۆزێتەوە، ئەویش دواجار دەچێتەوە ڕاژەی هونەر.
تەکنەلۆژیا بۆ ناساندنی کارەکان، فێرکاری ئۆنلاین، بڵاوکردنەوە، پەیوەندیی نێوان هونەرمەندان پێگەیەکی گرینگە، لە هونەری هاوچەرخ ئەوە گرینگی پێنادرێت تۆ لەڕێگەی چ میدیەمێک پەیامەکەت دەگەینیت، گرینگی هونەر لە کۆنسێپتەکەیە.
کوردستان24: ئایا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا خۆشنووسی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت وەک پیشەی سەرەکی و سەرچاوەی بژێوی سەیر بکرێت، یان تەنیا لێهاتوویی و ئارەزوویەکە؟
مەریوان پیرباڵ: ئێستا بۆ زۆربەی خۆشنووسان هونەر هێشتا بە تەنیا سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی نییە، هیوام وایە ڕۆژگارێک دابێت سەرمایەداری کورد لە گرینگی هونەر تێبگات، پارەیەکی خەیاڵی " کە ئێمەمانان نازانین حیسابی بکەین" لە باڵاخانەکەی خەرجی دەکات،
بەڵام هیچ ڕۆشنبیرییەکی هونەریی نییە، ناتوانێ جیاوازی لەنێوان تابلۆی چاپ و زیندوو و ڕەسەن بکات، چ جای تابڵۆیەکی کیچ و تابڵۆیەکی هونەری لێک جیا بکاتەوە و لە هۆڵی باڵاخانە پێنج ئەستێرەیییەکەی هەڵواسێت.
کوردستان24: تا چەند لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا بایەخ بە ڕێنووس و خۆشنووسیی قوتابیان دەدرێت؟
مەریوان پیرباڵ: بە باوەڕی من هێشتا بایەخی پێویست بە هونەر ناردێت، بەتایبەت خۆشنووسی، لە سەردەمی ئێستادا کە منداڵ لە تەکنەلۆژیا و کیبۆرد نزیکترە، پێویستە نووسینی دەستی بە شێوەیەکی زیرەکانە بپارێزرێت.
ئێمە پێمان وایە دەبێت خۆشنووسی لە پەروەردەدا بە شێوەیەکی نوێ بگەڕێتەوە، نەک تەنها وەک وانەیەکی کۆن، بەڵکو وەک بەشێک لە پەروەردەی هونەری و گەشەپێدانی منداڵ.
کوردستان24: ئایا هیچ هەنگاوێکتان ناوە بۆ ئەوەی وانەی خۆشنووسی بە فەرمی بگەڕێندرێتەوە ناو پرۆگرامی خوێندن؟
مەریوان پیرباڵ: ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە بە جددی شایەنی هەڵوەستەیە، ئێمە باوەڕمان وایە هونەر وەک گشت و خۆشنووسی بەتایبەت، دەبێت شوێنێکی شایستەی لە سیستەمی پەروەردەدا هەبێت، بەڵام مەبەستمان تەنها گەڕاندنەوەی وانەی کۆنی خۆشنووسی نییە، پێویستە پرۆگرامەکە جارێکی تر لەبارەی هونەر، هەستی ئیستاتیکی منداڵی کورد پەروەردە بکات چونکە هەر ئەو منداڵەیە دەبێتە دیبلۆماتکار و سەرمایەدار و .... بەردەوامی بەخولەکە دەدات.
ئێمە لە کۆمەڵەکەدا ئامادەین لەگەڵ لایەنە پەروەردەییەکان گفتوگۆ بکەین و لە دانانی پرۆگرام و پەرەپێدانی مامۆستا و خولەکاندا بەشدار بین.
کوردستان24: کۆمەڵەکەتان تا چەند خولی بەردەوام بۆ گەنجان و منداڵان دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم هونەرە رەسەنە نەفەوتێت؟
مەریوان پیرباڵ: ئەمە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵەکەمان. ئەگەر خۆشنووسی تەنها لە دەستی مامۆستا و نەوەی پێشوودا بمێنێتەوە، ناتوانین لە بەردەوامییەکەی دڵنیا بین، تا ئێستا کۆمەڵەی خۆشنووسان بارەگایەکی شایستەی نییە لەبەر کەمی دەرامەتی دارایی، هونەرمەندان مۆزەخانەیەکی هونەری شک نابەن، ئەوەی ژمارەی کەم بێت لەنێوان هەموو مزگەوت و هۆڵی بۆنە و نەخۆشخانەی ئەهلییەکان، هۆڵی پێشانگەی هونەریییە، یەک تاکە هۆڵ لەم هەوڵێرە گەورە و فراوانە هەیە، ئەویش هۆڵی میدیایە. ئەمەش کەمە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان و فراوانی و پێشکەوتنی شارەکە. کردنەوەی خول پێویستی بە هۆڵ و شوێنی شیاوە بەڵام خۆشنووسەکانمان لەسەر ئاستی تاک درێخیان نەکردووە لە فێرکردنی ئارەزوومەندان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە نەوەیەکی نوێ هەبێت کە خۆشنووسی تەنها وەک هونەرێکی کۆن نەبینێت، بەڵکو وەک هونەرێکی زیندوو و توانادار بۆ داهێنان ڕۆڵ بگێڕێت.
کوردستان24: ئاستی خۆشنووسانی کورد لەسەر ئاستی عێراق، ئیقلیمی و جیهانی لە چ ئاستێکدایە؟
مەریوان پیرباڵ: خۆشنووسانی کوردستان لە ئاستێکی باشدان ، خۆشنووسانی ئاستبەرزمان هەیە، مامۆستای شارەزامان هەیە و هەندێک لە خۆشنووسەکانمان توانیویانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەنجامی باش بەدەستبهێنن، هیچ پێشبڕکێیەکی خۆشنووسی نێودەوڵەتی نەبووە ژمارەیەک لە خۆشنووسە کوردەکانمان خەڵات بەدەست نەهێنن.
کوردستان24: ئایا تا ئێستا خۆشنووسی کورد توانیویەتی خاوەنی خەڵاتی نێودەوڵەتی بێت؟
مەریوان پیرباڵ: بێگوومان نەک لە ئێستادا بەڵکو ساڵانێکە خۆشنووسانی کورد سەرمەشقی خۆشنووسانی جیهانن، زۆر خۆشنووسی وامان هەن خاوەن چەندین خەڵاتی جیهانین، ئەم خۆشنووسانە بەهۆی ئاستبەرزیان لە جیهان ناسراون، بەڵام لەناوخۆ بە گوێرەی پێویست نەناسراون بایەخیان پێ نادرێت.
کوردستان24: ئایا خۆشنووسانی کورد توانیویانە خاوەنی «ناسنامە یان قوتابخانەیەکی تایبەت بە خۆیان» بن، یان تەنیا پەیڕەوی لە قوتابخانەکانی بەغدا، ئیستانبوڵ و تاران دەکەن؟
مەریوان پیرباڵ: ئەمە بەڕاستی پرسیارێکی گرنگە. خۆشنووسیی کوردستان لە بنەمای خۆیدا پەیوەندییەکی مێژوویی بە قوتابخانە کلاسیکییەکانی خۆشنووسی ئیسلامی هەیە، خۆشنووسانی کورد لە قوڵایی مێژوو دەستێکی باڵایان هەبووە لە درووستکردنی ئەم جۆرە نووسینانە
بەڵام هاوبەشی لە قوتابخانەکانی تر شتێکە و هەمیشە پەیڕەوی کردن بەهەمان شێواز شتێکی ترە، ئێمە نابێت لە قۆناغی پەیڕەوکردندا بوەستین، کوردستان خاوەنی زمان، پیت، مێژوو و کولتووری تایبەت بە خۆیەتی بۆیە ئێمە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە کار بکەین و بەرهەمی تایبەت بە خۆمان درووست بکەین.
من پێموایە ئەوەی پێی دەڵێین «قوتابخانەی خۆشنووسیی کورد» تەنها ئەوە نییە کە شێوەی پیتەکان بگۆڕین؛ بەڵکو دەبێت روانگە، فەلسەفە، رێباز، و هەستی هونەریی تایبەتی خۆمان هەبێت.
ئێمە لە کۆمەڵەی خۆشنووساندا هەوڵ دەدەین بنەمای ئەو بیرۆکەیە بەهێز بکەین، واتە لە میراتی کلاسیک فێربین، بەڵام لە کۆتاییدا دەنگی خۆمان هەبێت، ئەگەر بتوانین ئەمە بە شێوەیەکی بەردەوام پەرە پێ بدەین، ئەوا دەتوانین لە داهاتوودا بە شێوەیەکی جدی باس لە قوتابخانە و ناسنامەی خۆشنووسیی کوردی بکەین.