300 سەربازی ئیسرائیل داوا لە سوپا دەکەن تیرۆری جوولەکە لە کەناری رۆژئاوا رابگرێت
سەدان سەربازی ئیسرائیلی، داوایان لە فەرماندەیی سوپای وڵاتەکەیان کرد رێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرێتە بەر بۆ راگرتنی ئەو کردەوانەی وەك تیرۆری جوولەکە لە کەناری رۆژئاوای ناویان بردووە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشی نیشتەجێبووە توندڕەوەکان بۆ سەر فەڵەستینییەکان، کە بە گوتەی سەربازەکان ژیانی ئەوانیشی خستووەتە مەترسییەوە.
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆت بڵاویکردەوە، زیاتر لە 300 سەربازی یەدەگ واژۆی کۆکردووەتەوە لەژێر ناونیشانی نامەی سەربازانی یەدەگ دژی تیرۆری جوولەکە و ئاراستەی سەرۆك ئەرکانی سوپایان کردووە، ئەم نامەیە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی گردبوونەوەی نیشتەجێبووە توندڕەوەکان لە نزیک شارۆچکەی قەسرە لە باشووری نابلس، کە بووەتە هۆی گەمارۆدانی ژمارەیەك خێزانی فەڵەستینی.
سەربازەکان فەرماندەکانی سوپایان تۆمەتبار کردووە بە کەمتەرخەمی لە پێدانی دەسەڵات و ئامرازی پێویست بە هێزەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، ئاماژەیان بەوەش کردووە، زۆر کات رەوانە دەکرێن تەنها بۆ جیاکردنەوەی لایەنەکان لە کاتی پێکدادانەکاندا، بێ ئەوەی دەسەڵاتی راستەقینەیان هەبێت بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی پێش روودانی.
لە نامەکەدا هاتووە: "ئێمە سەربازانی یەدەگین و سەدان رۆژ لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە خزمەتمان کردووە، لەوانەش لە کەناری رۆژئاوا، کە ژیانی خۆمان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام هەست دەکەین فەرماندەیی سوپا لە مەیدانەکەدا پشتگوێمان دەخات و پشتیوانیمان ناکات."
هەروەها هۆشدارییان داوە، بێدەنگیی فەرماندە سەربازییەکان و پاڵپشتییە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە، سەربازەکان رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە و بووەتە هۆی برینداربوون و کوژرانی سەربازان لە کاتی ئەو ئاڵۆزییانەدا.
رائیدی یەدەگ ئەفیعاد هۆمینەر رۆزنبلووم، کە یەکێکە لە واژۆکاران، رایگەیاندووە: "ناوبانگی ئێمە لەکەدار دەبێت بەهۆی شکستی سیستەمی سەربازی لە چارەسەرکردنی ریشەیی تیرۆری جوولەکە و تێوەگلانی هەندێك لە سەربازان لەو رووداوە مەترسیدارانەدا."
لای خۆشییەوە نەقیبی یەدەگ تۆم پینهاسی جەختی کردووەتەوە، توندوتیژی دژی فەڵەستینییەکان ئاسایش بەهێز ناکات، بەڵکو گرژییەکان زیاد دەکات و زیان بە ئاسایشی هەمووان دەگەیەنێت، تا ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم نامەیە نەداوە.