یەکێتی ئەوروپا ئەرکی پاراستنی کەشتییەکان لە دەریای سوور دەگرێتە ئەستۆ
یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند هێزێکی جەنگیی پاراستنیان بۆ ژمارەیەک کەشتی بازرگانی دابین کردووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە دەریای سووردا لە رۆژئاوای یەمەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، یەکێتی ئەوروپا بە فەرنی رایگەیاند، ئەرکی دەریایی "ئەسپایدس"ی سەر بە یەکێتییەکەیان پاراستنی ئەو کەشتییە بازرگانیانەیە کە بە دەریای سووردا تێپەڕدەبن، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەشتییە بازرگانییەکان کە لە دەریای سوورەوە تێدەپەڕین، گەشتەکەیان بە سەلامەتی و لەژێر پاراستنی هێزە سەربازییەکانمان لە ناوچەکەدا تەواو دەکەن". جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەمە دووەم کاروانی کەشتییە لەم مانگەدا کە بە سەلامەتی بپەڕێتەوە، دوای ئەوەی گرووپی حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەستپێکردووەتەوە.
یەکێتی ئەوروپا جەختی کردووەتەوە، هێزی دەریایی ئەوروپی بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارە لەوەی یەکێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بە کراوەیی و سەلامەتی بمێنێتەوە.
لە ئێستادا ئەم ئەرکە سەربازییە لە دوو یەکەی دەریایی و زیاتر لە 390 دەریاوان لە 21 وڵاتی جیاوازی ئەوروپی پێکدێت، ناوچەی چالاکییەکانی ئەم هێزە هەردوو گەرووی بابولمەندەب و هورمز دەگرێتەوە، جگە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، دەریای عەرەب، کەنداوی عومان و کەنداوی عەرەبی.