ئیسپانیا: هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر سەبتە و مەلیلە هێرشە بۆ سەر تەواوی ئیسپانیا
وەزیری بەرگری ئیسپانیا رایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژی و پەلامارێك بۆ سەر هەردوو شاری سەبتە و مەلیلە کە خاوەنی حکوومی خۆبەڕێوەبردنن، وەك هێرش بۆ سەر تەواوی خاکی ئیسپانیا هەژمار دەکرێت.
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، ئەم لێدوانەی مارگریتا رۆبلێس، وەزیری بەرگری ئیسپانیا وەك وەڵامێك هات بۆ قسەکانی عەبدولەتیف وەهبی، وەزیری دادی مەغریب، کە رۆژی سێشەممە گوتبووی،" پرسی سەروەریی سەر هەردوو شاری سەبتە و مەلیلە هێشتا وەك کێشەیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە".
وەزیری دادی مەغریب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەرق بلومبێرگ" ئاماژەی بەوە کردبوو، رەباتی پایتەخت دەستبەرداری داواکاری گەڕاندنەوەی ئەو دوو شارە بۆ ژێر سەروەریی مەغریب نەبووە و بەردەوام ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ مەدرید دەخەنە روو، گوتیشی: "ئێمە پابەندین بە خاکەکەمانەوە و دەمانەوێت کێشەکە لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەین."
لە بەرامبەردا، مارگریتا رۆبلێس، وەزیری بەرگری ئیسپانیا لە لێدوانێکدا گوتی: "کەس بۆی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر سەبتە و مەلیلە، چونکە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ئەو دوو شارە، دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو ئیسپانیا." هەروەها جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکان لە سەبتە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان دەکەن لە هەموو کارەکاندا.
رۆبلێس ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت ئەوەی لە 30ـی تەممووزدا روویدا دووبارە ببێتەوە و دەبێت بۆ هەمووان بە رەهایی روون بێت کە سەبتە و مەلیلە تەنها سەر بە ئیسپانیا نین، بەڵکو یەکێکن لە شارە ئیسپانییە رەسەنەکان.
لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوودا، شاری سەبتە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچی نایاسایی بووەوە، لە کاتێکدا هەزارن پەنابەر لە مەغریبەوە سنووری ئەو وڵاتەیان بەزاند و خۆیان گەیاندە ناو هەردوو شاری سەبتە و مەلیلە، لەم بارەیەوە فێرناندۆ گراندی مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، نزیکەی 72 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە چوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەیان، هاوکات سەرۆکی شارەوانی سەبتەش ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لە ناو شارەکەدا ماونەتەوە.