کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، سوپای ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە 30ـی ئەیلوول تەواوی هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.

پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکا ساڵی رابردوو زۆربەی بنکەکانیان لە عێراق چۆڵکرد و هێزەکانیان گوازرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە 30ـی ئەیلوولیش تەواوی هێزەکان عێراق جێدەهێڵن.

لە راپۆرتەکەی ئەی پی هاتووە، ئەمریکا و عێراق و هێزەکانی ئەوپەیمانان سەرکەوتنێکی بەرچاویان دژی داعش تۆمارکردووە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن.

ئەسۆشیەیتد پرێس لەسەر زاری دوو بەرپرسی کورد ئاشکرایکردووە، نزیکەی سێ هەفتەیە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەولێر دەستیپێکردووە.

ئەم راپۆرتەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس دوای ئەوە دێت، چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لە بەغدا کۆبوونەوە.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی و براد کووپەر، جەختیان لەسەر رێککەوتنی تەواو و کۆتایی بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردەوە، بە پێی ئەو رێککەوتنەی کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی تەممووزی رابردوودا ئەنجامدرا.

زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە، "یەکەم رۆژی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ،دەبێتە رۆژێکی نوێ لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، چونکە عێراق لە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی خاڵی دەبێت و سەروەریی نیشتمانیی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بە دەست دەهێنێتەوە، هەروەها بەردەوام دەبێت لەسەر بونیادنانی توانای ئەمنی و سەربازیی خۆی، بە جۆرێک کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی خۆی بپارێزێت."

سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی دەستوور و ئەو بنەما نەگۆڕانەی کە دەوڵەتی لەسەر بونیاد نراوە، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و، ئاڕاستەکردنی تواناکانی رۆڵەکانی گەل بەرەو بونیادنان، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کرد.

باسی لەوەش کرد، عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە هەوڵی سەرجەم رڕۆڵەکانی هەیە بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز، دەوڵەتێکی سەقامگیر و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەروەها جەختیشی کردەوە، کە کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە بە پێی یاسا، هەمووان دەپارێزێت، دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەرییەکەی بەهێز دەکات، ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەکات و، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ گواستنەوەی عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ لە گەشەپێدان و گەشەکردن."

هاوکات هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەرەو هەماهەنگی و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری، گەشەپێدان و ئەمنی هەنگاو دەنێت، لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش لە سەروەريی دەوڵەت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.