یەکپۆشیی لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت
بڕیاری یەکپۆشیی قوتابییان لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکە پابەندبوونی خۆی بە رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکپۆشی لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت و تەواو پابەندن بە بڕیارەکە.
سەبارەت بە رێنماییەکانی یەکپۆشی گوتیشی "بۆ باخچەکانی منداڵان رەنگەکانی رەش و پرتەقاڵی، بۆ قۆناخی سەرەتایی یان بنەڕەتی رەنگەکانی سوور و رەش، بۆ قۆناخی ناوەندی رەنگەکانی شین و رەش، هەروەها بۆ قۆناخی ئامادەیی رەنگەکانی رەساسی و رەش دیاری کراون"، ئەو رێنماییانە لە وەرزی نوێی خوێندندا لە تەواوی قوتابخانەکان جێبەجێ دەکرێت."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک جەختیشی کردەوە، جلوبەرگە نوێیەکان بە نرخێکی گونجاو دابین دەکرێن، تا هیچ بارگرانییەکی دارایی لەسەر خێزانی قوتابییان دروست نەبێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 100 هەزار قوتابی و 8500 مامۆستا لە 558 قوتابخانەدا، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیان لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەڕێوە دەبەن.
لە نیسانی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی یەکپۆشیی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 راگەیاند. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لیژنە پسپۆڕەکان هات و ئامانج لێی دروستکردنی یەکسانی و رێکخستنی زیاتری ژینگەی خوێندنە.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، سیستەمە نوێیەکە هەموو ناوەندەکانی خوێندنی (حکوومی، نێودەوڵەتی و قوتابخانەکانی بەهرەداران) دەگرێتەوە. بەمەش رەنگی جلوبەرگی قوتابیان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەپێی قۆناخەکان یەک دەخرێت.
رەنگەکان بەپێی قۆناخی خوێندن
باخچەی ساوایان: تیشێرتی پرتەقاڵی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی.
قۆناغی بنەڕەتی (یەک تا شەش) تیشێرتی ماڕۆنی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی.
قۆناغی بنەڕەتی (7،8،9): تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی رەساسی.
قۆناخی ئامادەیی (12،11،10): تیشێرتی رەساسی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی رەش.
بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابیان، وەزارەت ستانداردی بۆ کوالێتی قوماش داناوە. بەپێی رێنماییەکان، تیشێرت و بلووزەکان دەبێت رێژەی کەتانیان لە 70% کەمتر نەبێت، هەروەها پانتۆڕ و تەنوورەکان دەبێت لە 50% کەتان و 47% پۆلستەر پێکبێن.