قایمقامییەتی هەڵەبجە داوایەک لە هاووڵاتییان دەکات

قایمقامییەتی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی نەوت.

دوای راگرتنی بۆ 3 ساڵ، مامەڵەی فۆڕمی خۆراک لە سنووری هەڵەبجە دەستی پێکردەوە،  قۆناخی ئێستای پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت و بەشێکی زۆری مامەڵەکان تەواو کراون.

قایمقامییەتی هەڵەبجە هۆشداری دەداتە بریکارەکانی خۆراک و رایگەیاند، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە هاووڵاتییان بەرامبەر بە کارتی نەوت قەدەخەیە و هەر کەمتەرخەمییەک لەو بارەیەوە رێکاری یاسایی توندی بەدوا دا دێت.

کارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە و بەپێی رێکارە نوێیەکان، لەمەودوا دابەشکردنی نەوت تەنیا لە رێگەی ئەو کارتەوە دەبێت و هەر کەسێک کارتی نەبێت، لە بەشە نەوتی خۆی بێبەش دەبێت.

پێشتر مەریوان هادی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە داهاتوودا هەوڵدەدرێت دابەشکردنی بەنزین و گازی ماڵان بەهەمان شێوە بە کارتی زیرەکی نەوت بکرێت، ئێستا لایەنی پەیوەندیدار سەرقاڵی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاوەن.

بە گوێرەی ئامارەکان، 205 بریکاری خۆراک لە سنووری هەڵەبجە کار دەکەن و ساڵانە لە رێگەی ئەوانەوە بەشەخۆراک و نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، بڕیارە لەمەودوا سەرجەم کارەکانی بریکارەکان و پرۆسەی دابەشکردنی نەوت و بەرهەمەکان بە تەواوی ئەلیکترۆنی بکرێت.