رێکارە نوێیەکانی گواستنەوە و نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی راگەیەندرا

بەرپرسانی کارتی نیشتمانی وردەکارییەکانی گواستنەوەی فایلی هاووڵاتییان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە و چۆنییەتی نوێکردنەوەی کارتەکان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکەن و چەند مەرج و رێسایەکی نوێ دەخەنە روو.

یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرترین پرسیاری هاووڵاتییانی لەسەرە، پرسی گواستنەوە و نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانییە. بەرپرسانی کارتی نیشتمانی لەمبارەیەوە رایانگەیاند، گواستنەوەی کارتی نیشتمانی لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە هیچ گرفتێکی یاسایی تێدا نییە و دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەم بڕیارە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە کە دەکەونە سنووری ماددەی 140، چونکە لەو ناوچانەدا گواستنەوەی فایل بۆ شوێنی دیکە و بەپێچەوانەشەوە قەدەخەیە.

سەبارەت بە گواستنەوەی فایل لە ناوخۆی یەک پارێزگادا، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بیەوێت لە ئیدارەی راپەڕینەوە فایلەکەی بگوازێتەوە بۆ سەنتەری سلێمانی، بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مامەڵەیە ئەنجام نادرێت، تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت کە هاووڵاتییەکە رەزامەندیی وەزیری ناوخۆی عێراق وەربگرێت؛ ئەوکات دەتوانێت لە فەرمانگەیەکی ناو پارێزگایەکەوە بگوازێتەوە بۆ فەرمانگەیەکی دیکە لە هەمان پارێزگا.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی، ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتییان کراوە. هەر کەسێک بۆ نموونە ئەگەر کارتی نیشتمانییەکەی سەر بە پارێزگای سلێمانی بێت بەڵام لە هەولێر نیشتەجێ بێت، دەتوانێت لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی هەولێر کارتەکەی نوێ بکاتەوە بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. لەم حاڵەتەدا کارتەکە هەر سەر بەو فەرمانگەیە دەبێت کە سەرەتا لێی دەرچووە؛ واتە ئەگەر کەسێک خەڵکی دهۆک بێت و لە هەولێر کارتەکەی نوێ بکاتەوە، کارتەکەی هەر لەسەر پارێزگای دهۆک دەمێنێتەوە.

هەروەها بۆ نوێکردنەوەی کارت لە سنووری یەک پارێزگادا، وەک ئەوەی کەسێک خەڵکی رواندز بێت و بیەوێت لە سەنتەری هەولێر کارتەکەی نوێ بکاتەوە، پێویستە رەزامەندیی بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی پارێزگاکە وەربگرێت، ئەوکات مامەڵەکەی بۆ رایی دەکرێت.