دابەشکردنی پێنجەم بەشەخۆراکی ئەمساڵ دەستپێدەکات
بەشەخۆراکی مانگانە کەم ناکرێتەوە
دەست بە دابەشکردنی پێنجەم بەشەخۆراکی ئەمساڵ دەکرێت و وەزارەتی بازرگانیش سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کەمکردنەوەی ماددەکانی نێو سەبەتەی خۆراکی مانگانە دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی پێنجەم بەشەخۆراکی ئەمساڵ دەکرێت. هاوشێوەی ساڵی رابردوو، بە کۆی گشتی هەشت بەشەخۆراک دابەش دەکرێت.
گوتیشی، بەشەخۆراکی ئەم مانگە پێکهاتووە لە سێ کیلۆ برنج بۆ هەر هاووڵاتییەک، یەک کیلۆ شەکر، یەک لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاو لەگەڵ نیو کیلۆ نیسک و ئاڵینۆکە.
سەبارەت بە دابەشکردنی ئارد، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەدا، پێنجەم بەشە ئارد دابەشکراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەنم بەسەر ئاشەکاندا دابەش دەکرێت تاوەکو ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی شەشەم بەشە ئاردی ئەمساڵ بکرێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە کەمکردنەوەی ماددەکانی نێو سەبەتەی خۆراک دەکەن، نەوزاد شێخ کامیل جەختی کردەوە، ئەمە تەنیا دەنگۆیە و هیچ هەوڵێکی فەرمی لە ئارادا نییە.
ناوبراو روونیشی کردەوە، بە پێچەوانەوە هەوڵ هەیە بۆ باشترکردنی کوالێتی و زیاترکردنی ماددەکان، بەڵام ئەمە هێشتا لە ئاستی پێشنیاردا ماوەتەوە و نەبووەتە بڕیاری کۆتایی، چونکە پەیوەستە بە بودجەوە و چاوەڕوانی بودجەی ساڵی 2027 دەکەن.