کۆمپانیایەکی دهۆک تانکی "B70"ـی دروست کرد

کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە شاری دهۆک پەردەی لەسەر یەکەمین تانکی جەنگیی دروستکراوی ناوخۆیی بە ناوی "B70" لادا، کە بە تەواوی لەلایەن ئەندازیارانی کوردەوە دیزاین کراوە و خاوەنی کۆمپانیاکەش دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی تەنیا چارەکێکی نرخە جیهانییەکانە.

کۆمپانیای "ئەنوەر ئەترووشی شێڵد" (SHIELD) لە دهۆک، پڕۆژەیەکی نوێی سەربازیی راگەیاند کە بریتییە لە تانکێکی جەنگی بە ناوی B70. ئەم تانکە 25 تەنە و وەک یەکەمین تانکی دیزاین کراو و دروستکراوی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

ئەنوەر سەعید، خاوەنی کۆمپانیاکە، لە چاوپێکەوتنێکی راپۆرتێکی کوردستان24ـدا رایگەیاند، ئەم تانکە لاساییکردنەوەی هیچ مۆدێلێکی بیانی نییە و لەلایەن ئەندازیاران و تەکنیککارانی کۆمپانیاکەیانەوە لە دهۆک دیزاین کراوە. گوتیشی: "ئێمە چاومان لە کەس نەکردووە و ئەم تانکەمان لە بنەڕەتەوە خۆمان دیزاین کردووە."

 

بەپێی زانیارییەکانی بەرهەمهێنەرەکە، تانکەکە خاوەن سێنسەر و سیستەمی لێزەرییە و لە ناوچە شاخاوییەکان، ناو دەشت و لەناو ئاودا تاقیکردنەوەی بۆ کراوە. ئەنوەر سەعید ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان دەتوانن بە تێچوویەکی زۆر کەمتر ئەم تانکە بەرهەم بهێنن، بە شێوەیەک ئەگەر مۆدێلێکی ساڵی 2025 لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە دوو ملیۆن دۆلار بێت، ئەوان بە چارەکێکی ئەو نرخە (نزیکەی 500 هەزار دۆلار) لە ناوخۆدا دروستی دەکەن.

کۆمپانیای شێڵد، کە لە ساڵی 2014ـەوە دامەزراوە، سەرەتا بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی زرێپۆشەکان دەستی پێکردووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەمنی. خاوەنی کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە ئامانجیان پشتگیریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە و گوتی: "ئێمە تەنیا چاوەڕوانی پاڵپشتی و هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکانمان فراوانتر بکەین."

پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی زاخۆ سەردانی کۆمپانیاکەی کردووە و دەستکەوتەکانی بە "بێوێنە" وەسف کردووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی دەربڕیوە.

ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای شێڵد وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە پیشەسازیی سەربازیی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، کە دەکرێت لە داهاتوودا تێچووی کڕینی چەک و زرێپۆشەکان بۆ هێزە ئەمنییەکان کەم بکاتەوە و گەنجانی ناوخۆ لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازیدا بەشدار بن.