دوورگەکانی قشم و هەنگام قوربانیی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکان

رێکخراوی پاراستنی ژینگە، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆکارن بۆ پیسبوونی دوورگەی قشم و هەنگام

پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاند، پیسبوونی کەناراوەکانی باشووری قشم و دوورگەی هەنگام بە نەوت، بەشێکە لە لێکەوتە ئاشکراکانی دەستدرێژییە سەربازییەکانە کە بەسەر ژینگەی کەناراوی و دەریایی وڵاتدا سەپێندراون.

سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە لە پەیامێکدا روونیشی کردەوە، هەڵمەتی پاککردنەوەی ناوچەکە لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزییەوە و بە بەشداریی دامەزراوە جێبەجێکارەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکان بەردەوامە.

ئەنساری ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا بەشێک لە هێڵی کەناراوەکانی سووزا لە پاشماوەی نەوت پاک کراوەتەوە و هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی تەواوەتیی ئەو پیسبوونە لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

 

بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئێران، نزیکەی 32 هەزار مەتری چوارگۆشە لە کەناراوەکانی باشووری دوورگەکان بە نەوت پیسبوون، تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم رووداوە ئاشکرا نەکراوە بەڵام ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی تێپەڕبوونی کەشتیەکی نەوتهەڵگری دەرەکی دوورگەکان پیسبوون.