ئەمریکا بە فەرمی دژی مانەوەی یۆنیفیڵە لە لوبنان

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی جارێکی دیکە لایەنی لوبنانیی ئاگادار کردووەتەوە لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رەتکردنەوەی نوێکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی لە لوبنان (یۆنیفیڵ)، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەپێی بڕیاری ژمارە 2790ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆتایی بە کارەکانیان بهێنرێت.

پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە رایگەیاندووە، ئەم پرسە لە میانی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە رۆما خراوەتە روو، هەروەها بە چاودێری واشنتن بەڕێوەدەچێت، هاوکات گوتویەتی، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی نوێ کە پاڵپشتی لە چوارچێوەی سێقۆڵی بکات بۆ پاراستنی ئاسایش.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئابی 2025 بڕیاری دابوو کۆتایی بە ئەرکی یۆنیفیڵ بهێنێت و بەرپرسیارێتیی ناوچە سنوورییەکان بە قۆناغ بدرێتە دەستی سوپای لوبنان، لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دوای کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان.

بەرپرسە ئەمریکییەکە باسی لەوەش کردووە، لە گەڕی حەوتەمی گفتوگۆکانی رۆمادا، باسیان لە هەماهەنگیی دیپلۆماسی بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی بە مین جێنداروان کردووە، جگە لە گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ شاندی لوبنانی بۆ دابینکردنی پشتگیریی خێرا بۆ پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، بڕیاریشە گەڕێکی نوێی ئەم گفتوگۆیانە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە رۆما بەڕێوەبچێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە، سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا سکاڵای لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کردووە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئیسرائیل لە رێبازی وێرانکاری بەردەوامە، کە دوایین نموونەیان تەقاندنەوەی باڵەخانەی شارەوانی "زۆتەر" و قوتابخانە و نەخۆشخانەی ناوچەکە بووە لە نەبەتیە، هاوکات سوپای لوبنان جەختی کردووەتەوە، ئەم هێرشانە رێگرن لەبەردەم جێگیربوونی سەقامگیری و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا لە ناوچە سنوورییەکاندا.