ماکوان جەمیل: بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، خانەنشینانیش دەگرێتەوە
"350 هەزار فەرمانبەر لە بڕیاری پلەبەرزکردنەوە سوودمەند دەبن"
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هەوڵێکی جیددی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەمساڵدا. ئاماژەی بەوە کرد، کە نووسراوە فەرمییەکەی ئەمڕۆ ئامادەکارییە بۆ جێگیرکردنی ئەم شایستەیە لە بودجەی گشتی ساڵی 2027
پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: کار و هەوڵی جیددی هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات دەڵێت: ئەو نووسراوەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی، ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە بە مەبەستی چەسپاندن و جێگیرکردنی دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەراندا لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027ـدا.
لە بارەی تێچووی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بۆ سەر بودجەی گشتیی فیدراڵیدا، بەڕێوەبەری گشتییەکە روونی کردەوە: "لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، تێچووی مانگانەی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بڕی کەمتر لە 68 ملیار دینار زیاد دەکات".
ماکوان جەمیل سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەرستانەی لەم پرۆسەیە سوودمەند دەبن، ئاشکرای کرد، 350 هەزار فەرمانبەر لەم بڕیاری پلەبەرزکردنەوەیە سوودمەند دەبن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە تیشکی خستە سەر رەهەندە یاساییەکان و مافی خانەنشینان لەم بڕیارەدا و رایگەیاند: "ئەم بڕیاری پلەبەرزکردنەوەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، خانەنشینانیش دەگرێتەوە. بەو واتایەی، ئەو فەرمانبەرەی پێش ئەوەی خانەنشین بێت چەند پلەیەکی شایستەی خۆی وەرنەگرتبێت، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا و لە کاتی خانەنشینبوونیشیدا بە شێوەیەکی یاسایی سوودمەند دەبێت لەو پلەبەرزکردنەوانە و لەسەر مووچەی خانەنشینییەکەی بۆی هەژمار دەکرێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەت کردووە، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگەیاند و داوا دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای کۆبوونەوە و رەزامەندییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە لە ساڵی 2016ـەوە دروست ببوو، تێیدا فەرمانبەران سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان، پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.
لەم بارەیەوە هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە دەبوو زووتر ئەم هەنگاوە بنرێت؛ بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ناوچەکەی تێدا بوو کەوتووەتە ئێستا، لە هەنگاوی دووەمماندا لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ دەکەین بۆ زیادکردنی بوودجە و تەواوی وردەکارییەکان.