نەتەوە یەکگرتووەکان: یەمەن لەبەردەم مەترسیی جەنگێکی فراواندایە
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، جەختی کردەوە، یەمەن رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینە بووەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو بازنەی ململانێیەکی فراوانتر. هۆشداریشی دا، رەنگە ململانێکان پەرەبسێنن و تەواوی ناوچەکە بگرنەوە.
پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، هانس گرۆندبێرگ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی یەمەن بەڕێوەچوو، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و راگرتنی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، "دەبێت هەموو لایەنە یەمەنییەکان گرژییەکان کەم بکەنەوە."
هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد فشار بخەنە سەر لایەنەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جەختی کردەوە، پێویستە رێگەی گفتوگۆ لەبری جەنگ بگیرێتە بەر، چونکە دەستپێکردنەوەی جەنگ دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێڕەوی سیاسی یان هەوڵە ئاشتیخوازەکاندا بەدی نەکراوە.
سەبارەت بە دۆخی دەریای سوور، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی، هۆشداریشی دا ئەم کارانە مەترسی بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی دروست دەکەن، هاوکات داوای راگرتنی ئەو هێرشانە و زامنکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکانی لە دەریای سووردا کرد.
ئەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، گرژییەکان لە ناوچەکە و بە تایبەت لە یەمەن زیادیان کردووە، هاوکات حوسییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەستپێکردووەتەوە و رێگری گواستنەوەی نەوت و کاڵا و شتومەک دەکەن بۆ بازاڕە جیاهانییەکان بە تایبەت سعوودیە و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو.