ئەمریکا کەشتی جۆرج واشنتن رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

ئەمریکا بە نیازە کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری جۆرج دەبڵیو بۆش بۆ جێگرتنەوەی کەشتی ئەبراهام لیکڵن رەوانە دەکرێت، کە ماوەیەکی درێژە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانئاسا" دژی ئێران لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە وەك پرۆسەیەکی ئاسایی ئاڵوگۆڕی هێزەکان هەژمار دەکرێت و بە واتای زیادکردنی هێزی نوێ نایەت.

 لە راپۆرتەکەدا هاتووە ئەبراهام لیکڵن زیاتر لە 250 رۆژە لە ئەرکدایە، کە 200 رۆژیان بە بەردەوامی لە ناو دەریادا بووە بەبێ ئەوەی لە هیچ بەندەرێك جێگیر بێت، ئەم ماندووبوونە زۆرەی تیمەکە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و دەروونیی سەربازەکان.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دۆخی ناو کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکە رەخنەی توندی ئەندامانی کۆنگرێسی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان دەربارەی کەمیی پێداویستی، کێشەی ئاوی خواردنەوە، سەلامەتی و تێکچوونی باری دەروونیی دەریاوانەکان.

لە ئێستادا کەشتی "جۆرج واشنتن" کە پێشتر لە ناوچەی زەریای هێمن جێگیر بوو، لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی مەلەقا بینراوە، ئەمەش وەك ئامادەکارییەك بۆ دەستبەکاربوونی لە ناوچەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەرگرتنی ئەرکە ئەمنییەکان.