عێراق سندوقێکی تایبەت بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی دادەمەزرێنێت
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتی بڕیاری داوە سندوقێکی تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرگریی ئاسمانی دروست بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازی لە ریازی پایتەختی سعوودیەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و هەماهەنگیی هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، سەباح نەعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەم سەردانەی شاندی عێراقی بۆ شانشینی سعوودیە، تەواوکەری سەردانی پێشووی شاندی ئەمنی سعوودیەیە بۆ بەغدا و دیداریان لەگەڵ سەرۆكوەزیران، گوتیشی،" گفتوگۆکان چڕبوونەتەوە لەسەر پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و جەختکردنەوە لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی یەکتر و رێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییەك.
سەباح نەعمان، پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و ریازی بە مێژوویی و گرنگ وەسف کرد و گوتی،" ئەم سەردانە بۆ گەیشتنە بە لوتکەی لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی ئەمنی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە".
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی تیشکی خستە سەر پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و گوتی: "بەرگریی ئاسمانی لە هێزێکی پاڵپشتەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی زیندوو و کاریگەر کە پێداویستیی جەنگە نوێیەکان وای کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەی گشتی فەرمانی داوە بە دروستکردنی سندوقێك بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەرگریی ئاسمانی سەرەڕای تەنگژەی دارایی، هەروەها بڕیار دراوە پلانی گەشەپێدان و پڕچەککردنی بەرگریی ئاسمانی کە بڕیار بوو لە 2026 تا 2031 بخایەنێت، کورت بکرێتەوە بۆ تەنها 3 ساڵ بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر لایەنە هونەری و تەکنیکییەکان هەبێت.
بە گوتەی سەباح نەعمان، ئەم پاڵپشتییە کڕینی سیستەمی راداری مەودا ناوەند و دوور، هێزی مووشەکی، و سیستەمی پێشکەوتووی کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناوەندی چاودێریی هەموو ئاسمانی عێراق بکرێت.