هەولێر گرێبەستی یاریزانێکی پیشەگەری هەڵوەشاندەوە
بەبێ ئەوەی هیچ یارییەکی فەرمی بکات 60 ملیۆن دیناری لە هەولێر وەرگرت
یانەی هەولێر لەسەر داوای لوئەی سەڵاحی راهێنەری، گرێبەستی پێدرۆ هێنریکی بەرگریکاری بەرازیلی هەڵوەشاندەوە، ئەو یاریزانە پیشەگەرە بەبێ ئەوەی هیچ یارییەکی فەرمی بکات 60 ملیۆن دیناری عێراقی لە یانەی هەولێر وەرگرت.
یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە پێدرۆ هێنریکی لە یانەی ئەلحوسەینی ئوردنییەوە گواستەوە، بەڵام ئەو یاریزانە لە یارییە دۆستانەکانی هەولێر نەیتوانی رەزامەندی لوئەی سەڵاحی راهێنەری یانەی هەولێر بەدەست بهێنێت، بەم هۆیەوە دوای 40 رۆژ لە واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر بەرامبەر چوار دەفتەر دۆلار رازیکرا گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و یانەکە جێبهێڵێت.
یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، دەستبەرداری 15یاریزان بووە، لە بەرامبەردا 13 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و وەرزی داهاتوو کێبڕکێ لەسەر چوار ناسناو دەکات و بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەکات.