سێنتکۆم بۆ ئیسرائیل: لەوانەیە ناچار بین جەنگ دژی ئێران دەستپێبکەینەوە
کەناڵی 13ـی عیبری، بڵاویکردەوە براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە ئەگەر واشنتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەمێنێت، لەوانەیە ناچار بێت جەنگ دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.
پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 13ـی عیبری، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بە تەلئەڤیڤی راگەیاندووە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا، واشنتن پێویستی بە ئیسرائیل دەبێ، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کردنی ژێرخانە دەوڵەتییەکانی ئێران بە ئامانج، یاساکانی یارییەکە و هاوکێشەکان دەگۆڕێت.
ئەم پەیامەی فەرماندەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممەی رابردوو براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، سەردانێکی کورت و چەند کاتژمێریی بۆ ئیسرائیل ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوپای ئەو وڵاتەدا تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە ئێران و کەرتی غەززەی کرد.
لە لایەکی دیکەوە، پێت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاندووە ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای ئەوەی هەیە بۆ هەر ماوەیەك کە پێویست بێت، بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی ئێران.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانە توندانەدا، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ئەمریکا کەشتی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن" رەوانەی ناوچەکە دەکات بۆ جێگرتنەوەی کەشتی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن". ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و ئەمریکا دەیەوێت لەرێگەی گۆڕینی هێزە دەریاییەکانی و بەهێزکردنی بوونی خۆی، بۆ هەموو ئەگەرەکان و پێشهاتە خێراکان ئامادە بێت.