حەمە رەئوف کەرکووکی دوو بەرهەمی نوێ بڵاودەکاتەوە

حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دوو بەرهەمی نوێ بە ناوی "ئاسمانی حەوتەم" و "بیستووی مەرگم"، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "گۆرانییەکەم لە پرۆژەی تۆمارکردندایە و ئێستا ئامادەکردنی میوزیکەکە بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و بەرهەمەکانم خستۆتە سەر نۆتە."

پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "گۆرانی "ئاسمانی حەوتەم"، لە هونراوە و ئاواز و میوزیکی رزگار خۆشناوە. بەرهەمی دووەمیشم بەناوی "بیستووی مەرگم"ە، هۆنراوەکەی لەلایەن عەتای کلاسیکەوە نووسراوە، ئاوازەکەی خۆم بۆم داناوە و میوزیکی لەلایەن خەلیل عەبدوڵڵا ئامادە کراوە."

گوتیشی، "گۆرانی "ئاسمانی حەوتەم"، بەرهەمێکی عاشقانەیە و زیاتر لەسەر هەستی خۆشەویستی و سۆزی دڵ دامەزراوە و  هەڵگری وێنەیەکی شاعیرانە و هەستیارە. هەروەها گۆرانی "بیستووی مەرگم"، رەنگ و شێوازێکی جیاوازی هەیە، چونکە  بە شێوازی پاپ و سۆنەتی ئامادە کراوە."

حەمە رەئوف کەرکووکی باس لە تۆمارکردنی هەردوو بەرهەمە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، "گۆرانییەکەم لە پرۆژەی تۆمارکردندایە و ئێستا ئامادەکردنی میوزیکەکە بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و بەرهەمەکانم خستۆتە سەر نۆتە، بەڵام هێشتا قۆناخی تۆمارکردنی میوزیک و دواتر تۆمارکردنی دەنگی ماوە."

حەمە رەئوف کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1956 لە کەرکووک لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی شاری سلێمانییە. یەکەمین گۆرانیشی بە ناوی "ئەی خەجێی خەجان" تۆمار کردووە. ئەو هونەرمەندە خاوەنی چەندین گۆرانی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.