ئوردن 120 ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەپێدانی شوێنی "مەعمودیی مەسیح" تەرخان دەکات
حکوومەتی ئوردن دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی بەرفراوان بە تێچووی 120 ملیۆن دۆلار کردووە، بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ یادی 2000 ساڵەی مەعمودییەی عیسای مەسیح و راکێشانی ساڵانە یەک ملیۆن گەشتیار بۆ وڵاتەکە.
حکوومەتی ئوردن چوار رێککەوتنامەی بۆ پەرەپێدانی ناوچەی دەوروبەری شوێنی "مەغتیس" لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری ئوردن واژۆ کرد، کە پڕۆژەکە دروستکردنی مۆزەخانە، گوندێکی تەواوکاری بۆ حاجیان، پەرەپێدانی ژێرخان و دروستکردنی رێڕەوێکی سەوز لەسەر رووبەری 1400 دۆنم لەخۆ دەگرێت. ئامانجی ئەم هەنگاوە گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ یەکێک لە دیارترین شوێنەکانی حەجی مەسیحییەکان لە جیهاندا، لەگەڵ پاراستنی ناسنامە مێژووییەکەی کە لە ساڵی 2015ـەوە لە لیستی کەلەپووری جیهانی "یونسکۆ"دا تۆمارکراوە.
واژۆکردنی رێککەوتنامەکان لەژێر سەرپەرشتی جەعفەر حەسان، سەرۆکوەزیرانی ئوردن و بە رێنمایی شا عەبدوڵای دووەم بووە. بەگوێرەی پلانەکە، 50 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی مۆزەخانەی مەعمودییەی مەسیح و 40 ملیۆن دۆلاریش بۆ دروستکردنی گوندی حاجیان تەرخانکراوە، کە مۆزەخانەکە لەسەر رووبەری 5500 مەتر دووجا دەبێت و مێژووی شوێنەکە پێشان دەدات.
گوندی حاجیان چەندین هۆتێل، رێستورانت، کەنیسە و ناوەندی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لەخۆ دەگرێت، ئەمەش رێگە دەدات گەشتیارانی ئایینی بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ناوچەکە بمێننەوە. هەروەها 27 ملیۆن دۆلار بۆ تۆڕەکانی ئاو، کارەبا، رێگاوبان و وزەی خۆر تەرخانکراوە و سێ ملیۆن دۆلاریش بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی سەوز و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە تەرخان دەکرێت.
بەپێی خشتەی کاتی، کارە بەراییەکانی مۆزەخانە و گوندی حاجیان لە کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2027 دەستپێدەکەن و پڕۆژەکان لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2029دا تەواو دەبن، واتە ساڵێک پێش دەستپێکردنی ئاهەنگە گەورەکانی ساڵی 2030.
شوێنی "مەغتیس" یان "بیت عنیا" لای مەسیحییەکان پیرۆزییەکی زۆری هەیە، چونکە پێیان وایە یۆحەننای مەعمەدان لەوێ عیسای مەسیحی باپتایز (مەعمودیی) کردووە. شوێنەکە دوای رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئوردن و ئیسرائیل لە ساڵی 1994 و پاککردنەوەی لە مین، لە ساڵی 2002ـەوە بە رووی گەشتیاراندا کراوەتەوە و تا ئێستا چەندین پاپای ڤاتیکان سەردانیان کردووە. ئوردن دەیەوێت لەرێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ژمارەی گەشتیارانی ساڵانە لە 200 هەزار کەسەوە بۆ یەک ملیۆن کەس بەرز بکاتەوە.
باپتیزم یان مەعمودیی رێوڕەسمێکی پیرۆزی ئایینی مەسیحییە کە تێیدا ئاو بەسەر کەسەکەدا دەڕژێنرێت یان بە تەواوی تێیدا نوقم دەکرێت، ئەمەش وەک هێمایەک بۆ پاکبوونەوە لە گوناهەکان و دووبارە لەدایکبوونەوەیەکی روحی لەسەر رێبازی پەیامەکانی عیسای مەسیح لە قەڵەم دەدرێت؛ هاوکات ئەم کارە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ بوون بە ئەندام لە کەنیسە و وەرگرتنی ناسنامەی ئایینی مەسیحییەت دادەنرێت.