سبەی لە 80 بەنزینخانەی هەولێر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 750 دینار دابەش دەکرێت
لە سبەینێوە بەنزینی بازرگانی بە نرخی 750 دیناری بۆ هەر لیترێک دابەشدەکرێت و لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێریش نزیکەی 80 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن.
هەینی 14ی ئابی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، لە سبەی شەممەوە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە بەنزینخانە بازرگانییەکان دابەش دەکرێت و دابەشکردنی بەنزینی نۆرماڵی حکوومیش بەردەوام دەبێت و لە ماوەی داهاتووش کۆبۆنی بەنزین نامێنێت.
هێمن قادر گوتی، رۆژانە نزیکەی 24 بەنزینخانە بەنزینی حکوومەی بە نرخی 750 دینار بەشێوەی کۆبۆن دابەش دەکەن، لە سبەشەوە زیاتر لە 50 بەنزینخانەی دیکەی بازرگانی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە نرخی 750 دینار دابەش دەکەن و بە هەردووکیانەوە دەبنە نزیکەی 80 بەنزینخانە کە بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی 750 دیناری دابەش دەکەن.
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەشی دا، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان راسپێردراون چاودێری بەنزینخانەکان بکەن، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی کوالێتی نزم بفرۆشێت لەلایەن لیژنەکانی چاودێرییەوە سزایی دارایی و کارگێڕی دەدرێت تا ئاستی داخستنی بەنزینخانەکەی، گوتیشی: ئەو بەنزینە بازرگانییەی کە کوالێتی جۆری نۆرماڵە و بە نرخی 750 دینار دابەشدەکرێت لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە دابین دەکرێت و لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەدرێتە بەنزینخانەکان و لە سەرانسەری کوردستانیش دەبێت.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە فرۆشتنی یەک لیتر بەنزینی بازرگانیی کوالێتی نۆرماڵ نرخەکەی دەبێتە 750 دینار جیاوازیی نرخەکە لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، پاڵپشتیی دارایی بۆ نرخی بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ دابین دەکرێت و بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا جیاوازیی نرخەکە لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەروەها رایگەیاندبوو بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، پابەند دەبن بە چاودێریکردنی توندی کوالێتی بەنزینەکە بەپێی رێنمایی و پێوەرە پەسندکراوەکان.