سلێمانی دەبێتە کلیلی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق

یاریگەی نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی
یاریگەی نێودەوڵەتی نەورۆز لە سلێمانی

بە هۆی ئارامی و سەرنجڕاکێشی یاریگەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ وەرزی رابردوو، دووەم وەرزە ئاهەنگ و رێورەسمی یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئەمجارەیان شەمەندەفەری وەرزی نوێی خولەکە لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی دەکەوێتە ڕێ.
لە یەکەمین گەڕی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کاتژمێر 9:30ـی ئەمشەو لە یاریی کردنەوەی خولەکە نەورۆز میوانداریی یانەی قوە جەوییە دەکات و پێش دەستپێکی یارییەکە تەواوی بلیتەکانی یارییەکە فرۆشران.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، بۆ ئەم یارییە نزیکەی سەد کەسایەتی و بەرپرس و ئەستێرەی ناوداری کوردستان و عێراق بانگهێشتی یارییەکەی ئەمشەوی نەورۆز و قوە جەوییە کراون.
پێشتریش بۆ یەکەمجار لە وەرزی 2024 ـ 2025 یاریی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی یانەی دهۆک لە نێوان دهۆک و زەورا کرا، ئەم وەرزەش یاریی کردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە شاری سلێمانی لە نێوان نەورۆز و قوە جەوییە دەکرێت.
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 16 یاریزانی وەرزی رابردووی بووە و 17 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.
هەر لە گەڕی یەكەم یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆی میوانداریی كارەبا دەكات، یارییەکەش رۆژی یەکشەممە لە کاتژمێر 9:00ـی شەو لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە بە هەمان شێوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە دهۆك میوانداریی غەڕاف دەكات. لە دێربی هەرێمی كوردستانیش زاخۆ میوانداری گازی باكووری تازە میوانی خولەكە دەكات.