رۆیتەرز: جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز نزیک بووەتەوە لە وەستانی تەواوەتی

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز خەریکە بە تەواوی پەك دەکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی دوو کەشتیی دیکە لە ناو گەرووەکەدا کرانە ئامانج، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە بۆ کاتێکی نادیار بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی دەریایی سەر ئێران.

هەینی 14ـی ئابی 2026، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەبوزەبی (ئەدنوک) پشتڕاستی کردەوە کە شەوی پێنجشەممە دوو کەشتیی سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا هێرشیان کراوەتە سەر، بەدوای رووداوەکەدا، حکوومەتی ئیمارات ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵاتانی قەتەر، کوەیت و سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکانیان کردووە، تاران تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان، رۆژی هەینی تەنها دوو کەشتی توانیویانە لە گەرووی هورمز بپەڕنەوە، کەشتییەکی گواستنەوەی دانەوێڵە کە چووەتە ناو ئاوەکانی ئێران و کەشتییەکی بارهەڵگری خاڵی کە بە ئاراستەی پێچەوانە رۆیشتووە، هاوکات داتاکان دەری دەخەن ئەمڕۆ هیچ بارێکی نەوتی خاو لە گەرووەکەدا تێنەپەڕیوە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینیوە، دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست و پاشان هەرەسهێنانی، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکردەوە کە تۆمەتباریان دەکات بەوەی بێ مۆڵەت دەیانەوێت لە گەرووەکە تێپەڕن.