سەرچاوەیەک: سبەی بڕێکی زۆر بەنزینی 750 دیناری دەگاتە سلێمانی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕێکی باش لە بەنزین بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی دەوروبەری دابین دەکات و بڕیارە لە سبەینێوە لە 10 بەنزینخانەی ناوشار و قەزا و ناحیەکان بە نرخی 750 دینار و بە شێوەی 24 کاتژمێری دابەش بکرێت.
هەینی 14ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و نوێنەری بەنزینخانەکان بە کوردستان 24ـی راگەیاند، سبەی بڕێکی باش لە بەنزین کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین کراوە، دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی، قەزای چەمچەماڵ و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
بەپێی زانیارییەکان، بەنزینەکە بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دەدرێتە شۆفێران، و لە ناو شاری سلێمانی لە رێگەی 10 بەنزینخانەوە بە شێوەی 24 کاتژمێری و بەردەوام دابەش دەکرێت، هاوکات پرۆسەی دابەشکردنەکە سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەوروبەریش دەگرێتەوە.
ناوی ئەو بەنزینخانانەی لە ناو شاری سلێمانی بەنزینەکەیان لێ دابەش دەکرێت: سلێمانیی نوێ، شاوان، برایەتی، تاسڵوجە، کانی گۆران، تانجەرۆ، کازیوە، رەهێڵ، دایک و پێشەوا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە فرۆشتنی یەک لیتر بەنزینی بازرگانیی کوالێتی نۆرماڵ نرخەکەی دەبێتە 750 دینار جیاوازیی نرخەکە لەلایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، پاڵپشتیی دارایی بۆ نرخی بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ دابین دەکرێت و بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا جیاوازیی نرخەکە لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەروەها رایگەیاندبوو بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، پابەند دەبن بە چاودێریکردنی توندی کوالێتی بەنزینەکە بەپێی رێنمایی و پێوەرە پەسندکراوەکان.