مەولوود سابیر: مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نافەوتێت
راوێژکارێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دایە سەرجەم فەرمانبەران کە مافی پلەبەرزکردنەوەی دە ساڵی رابردوویان نافەوتێت. جەختی لەوەش کردەوە، هەموو وەزارەتەکان لیژنەی تایبەت بۆ مەبەستی پلەبەرزکردنەوە پێکدەهێنن.
مەولوود سابیر، راوێژکار لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕی دارایی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرکردووە. جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە سەرجەم فەرمانبەرانی شایستە لە هەرێم دەگرێتەوە.
ئەو راوێژکارەی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لەوە کرد، پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بۆ ماوەی 10 ساڵ بوو بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە راگیرابوو، بەڵام ئێستا فەرمان دەرکراوە بۆ ئەوەی لە سەرجەم وەزارەتەکاندا لیژنەی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە پێکبهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی فەرمانبەراندا.
هاوکات مەولوود سابیر، روونی کردەوە، "ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمانەوێت بڕیاری پلەبەرزکردنەوە بە تەواوی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی 2027ـدا بچەسپێندرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی دانوستانکاری هەرێم چەندین جار بە فەرمی سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵی گفتوگۆی چڕیان لەسەر پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دۆسیەی مووچە پاشکەوتکراوەکانی هەرێم ئەنجامداوە.
مەولوود سابیر دڵنیایی تەواوی دایە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە نەک تەنیا مافی پلەبەرزکردنەوە، بەڵکو سەرمووچەکانیشیان نافەوتێت و رایگەیاند: "جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر بە جیددی جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت هیچ ماف و شایستەیەکی دارایی فەرمانبەرانی هەرێم، چ هی رابردوو بێت یان داهاتوو، بفەوتێت؛ بۆیە زۆر دڵنیام کە بۆ بودجەی ساڵی 2027 پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەگەڕێندرێتەوە و مافەکانیان دەستەبەر دەکرێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکانی کردبوو، رێکارە نوێیەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگەیاندبوو، هاوکات داوای کردبوو تاوەکوو سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵ کارەکان تەواو بکرێن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای کۆبوونەوە و رەزامەندییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە لە ساڵی 2016ـەوە دروست ببوو، تێیدا فەرمانبەران سەرەڕای هەبوونی مەرجە یاساییەکان، پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە.
لەم بارەیەوە هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، بە کوردستان24ـی گوتوبوو: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمی ناوە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە دەبوو زووتر ئەم هەنگاوە بنرێت؛ بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ناوچەکەی تێدا بوو کەوتووەتە ئێستا، لە هەنگاوی دووەمماندا لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ دەکەین بۆ زیادکردنی بوودجە و تەواوی وردەکارییەکان.