حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کێڵگەی نەوتی ئارامکۆی سعوودی

گرووپی حوسییەکان لە یەمەن رایانگەیاند، لە رێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە شاری نەجران، کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای سعوودیە.

هەینی 14ـی ئابی 2026، ئاژانسی "سەبا"ی سەر بە حوسییەکان، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە و ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکەی بە وردی و سەرکەوتوویی پێکاوە، هاوکات ئاماژەی بە زەرەر و زیانی ماددی و گیانی نەکردووە.

لە بەرامبەردا، تا ئێستا لایەنی سعوودی هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی قەبارەی زیانەکان یان رەتکردنەوەی هەواڵەکە بڵاونەکردووەتەوە.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعوودیە:

ئەم هێرشە نوێیە بەشێکن لە زنجیرەی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی کە گرووپی حوسییەکان لە ساڵانی رابردوودا ئاراستەی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی سعوودیەیان کردووە، مێژووی هێرشی حوسییەکان بۆ ناو خاکی سعوودیە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، ئەوەش وەك کاردانەوەیەك بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتی ریاز دژی ئەو گرووپە لە ناو خاکی یەمەن.

دیارترین و کاریگەرترین هێرش لە مێژووی ئەم ململانێیەدا، هێرشە گەورەکەی ساڵی 2019 بوو بۆ سەر هەردوو پاڵاوگەی "بقیق و خەریس"ی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ، کە بووە هۆی راگیرانی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بۆ ماوەیەکی کاتی و شڵەژانی بازاڕەکانی وزەی جیهان، حوسییەکان هەمیشە جەخت دەکەنەوە، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی سعوودیە وەك فشارێك بەکاردەهێنن بۆ شکاندنی گەمارۆکانی سەر یەمەن و راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان. سەرەڕای چەندین گەڕی دانوستان و ئاگربەستی کاتی، بەڵام ناوە ناوە ئەم گروپە لە رێگەی درۆنە پێشکەوتووەکانیانەوە قووڵایی خاکی سعوودیە دەکەنەوە بە ئامانج.