کەنەدا سزای بەسەر پێنج بەرپرسی باڵای ئێراندا سەپاند

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، سزایان بەسەر پێنج کەسایەتیی ئێرانی، لەوانەش بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و ئەندامانی سوپای پاسداران سەپاندووە، هۆکارەکەشی بۆ رۆڵی ئەوان لەو چالاکییانە دەگەڕێتەوە کە بوونەتە رێگر لەبەردەم مافی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و دەوروبەری.

هەینی 14ـی ئابی 2026، بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، ئەم پێنج کەسە لە چالاکیی سەربازی، یاسایی و پەیوەندییەکاندا بەشداربوون کە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتییان تێکداوە.

ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لەمبارەیەوە رایگەیاند: "ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بۆ بازرگانیی جیهانی و ئاسایشی وزە پێویستە، ئەم سزایانە ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە کارەکانیان دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەم پرەنسیپانە و هەڕەشە لە ئاسایشی ئابووری و وزەی جیهان دەکەن." هەروەها داوای لە ئێران کرد گرژییەکان کەم بکاتەوە و رێز لە مافە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی بگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەم هەنگاوە نوێیە ژمارەی ئەو ئێرانییانەی لەلایەن کەنەداوە سزادراون گەیشتە 232 کەس و 260 قەوارەی جیاواز.

کەنەدا لە ساڵی 2012ـەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە، چونکە لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و خاوەنی یەکێك لە خراپترین تۆمارەکانە لە بواری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا.