پزیشکیان: داڕمانی داهاتی نەوت و وێرانبوونی کارگەکان قەیرانی ئابووری قووڵتر کردووەتەوە

سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی دوای جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوت و وێرانبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانەوە قورستر بووە.

شەممە 15ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا کە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە زیادبوونی تێچووەکان و کەمبوونەوەی داهاتی دەوڵەتەوە هەیە کە دەرەنجامی دابەزینی فرۆشی نەوتە، روونیشیکردەوە پێشتر کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بە رێگەی راستەوخۆ دەگەیشتنە ئێران، بەڵام ئێستا بە رێڕەوی جیاواز و ناڕاستەوخۆ دەگەن، ئەمەش تێچووی کۆتایی کاڵاکانی بەرز کردووەتەوە.

سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: "داهاتەکانمان کەمی کردووە، پێشتر نەوتمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ناتوانین بیفرۆشین." هەروەها گوتی،" ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە پیشەسازییەکان کەوتوون دۆخەکەی خراپتر کردووە و رایگەیاند، "ئەوان ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکانیان کردە ئامانج و وێرانیان کردن."

پزیشکیان جەختی کردەوە، ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر داهاتی باجیش هەبووە و گوتی: "چیتر ناتوانین باج لە کارگەکان وەربگرین، نەك تەنها ئەوە، بەڵکو دەبێت پارەشیان بدەینێ تاوەکو بتوانن بەردەوام بن." 

ئەم قسانەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران دوای دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر ئێران، هاوکات گوتی،" ڕێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 350%، کە ئەمەش وادەکات تاران بەدەست گرانبوونی نرخەکان و لاوازی داهاتەوە بناڵێنێت". 
لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەك و ئێران لە لایەکی دیکەوە دەستیپێکرد، هەرچەندە لە 18ـی حوزەیراندا یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ ئازادیی کەشتیوانی واژۆ کرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز پەكی کەوت، لە مانگی تەممووزدا هێرشەکان دەستیانپێکردەوە و ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی عەرەبی کردە ئامانج، دواجار لە 14ـی تەممووزدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا دا.