ئەردۆغان: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد لە ناوچەکە بەهێزتر دەکەین
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد و پاراستنی مافەکانیان لە وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا.
شەممە 15ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، سەبارەت بە پرسی کورد رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد و پاراستنی مافەکانیان لە وڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کوردانی سوریاش سوودمەند دەبن لە سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە، جەختیشی کردەوە، سوریا بە تەنیا جێناهێڵن و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
لە بارەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت دۆخی ئێستای گەرووی هورمز ئەردۆغان گوتی،"کردنەوەی گەرووی هورمز ئەولەویەتی تورکیایە و داخرانی لە بەرژەوەندی کەسدا نییە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد رێککەوتننامەی مەککە پەیامێکی گرنگی بۆ جیهان تێدایە و رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی واژۆکار هەڵوێستی یەکگرتوویان هەبێت بەرامبەر هەر هێرشێکی دەرەکی، گوتیشی،" دەرگا بۆ وڵاتانی وەک میسریش واڵایە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پەیوەست بن بەم رێککەوتنەوە".
سەبارەت بە دۆخی غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی،" ئەنقەرە هەرگیز غەززە بە تەنیا جێناهێڵێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد حەماس بە راستگۆییەوە پابەندە بە بەڵێنەکانی، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە جەنگ، هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی قەتەری وەک ناوەندگیرێکی گرنگ بەرز نرخاند و رۆڵی ئەمریکاشی بە گرنگ وەسف کرد بۆ راگرتنی جەنگی لوبنان.
دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئەردۆغان ئاماژەی بە بەردەوامی پشتگیرییەکانی تورکیا بۆ سودان و لیبیا کرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان بە باش وەسف کرد، سەبارەت بە ئەمریکاش گوتی، بەڵێنی فڕۆکەی (F-35)یان لە ترەمپ وەرگرتووە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکەن.
لە کۆتاییدا ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و رایگەیاند، ئەوروپا ئارەزووی ئەندامێتی تورکیا ناکات، بەڵام گوتی: "ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا ئەولەویەتی ئێمە نییە و ئەوروپا خۆی زیانمەند دەبێت لە ئەندام نەبوونی تورکیا."