بەهۆی هێرشەکانی حوسییەکانەوە کارەکانی بەندەری موخا لە یەمەن راگیراون
بەڕێوەبەری بەندەری موخا لە یەمەن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەندەرەکە رووبەڕووی زیاتر لە 25 هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بووەتەوە، سەرجەم کار و چالاکییە بازرگانی و دەریاییەکانی تێدا راگیراون.
شەممە 15ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەری بەندەری موخا لە یەمەن رایگەیاند، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس و زیانە ماددییەکانیش بە نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن، حوسییەکان لەم دواییانەدا هێرشەکانیان بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر شاری موخا چڕکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامانج لەو هێرشانە پێکانی هێزە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک و بەلەمە جەنگییەکان بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، گرژییەکان لە بەرەکانی مارەب، حەزرەمەوت و حودەیدە زیادیان کردووە، جگە لە بەردەوامیی ئەمانجگرتنی کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
لەمبارەیەوە، هانس غروندبێرگ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، هۆشداری دا وڵاتەکە بەرەو مەترسیدارترین ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕێکی گشتگیر دەچێت لە دوای ئاگربەستەکەی ساڵی 2022، ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر موخا و ناوچەکانی دیکە بوونەتە هۆی کەوتنی قوربانیی مەدەنی و سەربازی.
بەندەری موخا بەهۆی نزیکی لە گەرووی بابولمەندەب، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە و یەکێکە لە رێڕەوە سەرەکییەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و دەروازەیەکی گرنگی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی یەمەنە لە کەناراوەکانی رۆژئاوا.